ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وادەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت” ڕەنگە ئەم مانگەش وەک پێشوو مووچە وەربگرن”.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی ڕەوانەی بەغداد کردووە، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییە و پەیوەندی بە سیستمی خانەنشینی عێراقەوە ھەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ڕەنگە مووچەی خانەنشینان بۆ ئەم مانگەش وەک خۆی بێت، چونکە بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق دەبێت پێداچوونەوە بە مووچە و ئیمتیازاتەکانی بەشێک لەو فەرمانبەرانە بکرێت کە لەهەرێم ئێستا وادەی خانەنشینیانە.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەم مانگە زووتر لە مانگەکانی تر و لە رۆژی ٢١ ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی خانەشینانی بە ھاوتاکراوی لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، بەڵام بەهۆی هەندێک گرفتەوە تا ئێستا پرۆسەی پارەدارکردن دەستیپێنەکردووە، و رەنگە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.