دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، سبەینێ یەك شەممە لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و لەلایەن پەرەلەمانتارێكی یەكێتی و نەوەی نوێوە تۆماركراون.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، سبەینێ یەک شەممە 28ـی تەمموزی 2024، دادگاکە كۆدەبێتەوە لەسەر ئەو سكاڵایانەی تۆماركراون و دوو لەو سكاڵایانە لەلایەن دوو پەرلەمانتاری كوردەوە لەسەر سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماركراون.
سکاڵایەکیان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆماركراوە لەدژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیایدا داوادەکات، “بڕیار بدرێت بە ناڕاستبوونی ئەو بڕیارانەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دراون و بڕیاربدرێت بەهەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت”.
سکاڵای دووەم لەلایەن بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە لە فراكسیۆنی یەكێتی لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داوادەکات “بڕیار بدرێت بەنادەستوریبوونی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان و کارکردن بەو یاسایە ڕابگیرێت”.