پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەوامی فەرمانبەران لە سلێمانی لە هیچ بارودۆخێكدا نەوەستاوە و دەشڵێت: بە ئاسایی بوونەوەی دابەشكردنی مووچەش هەموو شتێك ئاسایی دەبێتەوە و فەرمانبەران هەموو توانای خۆیان بە خزمەتكردنی خەڵك دەبەخشن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنفڕانسیچكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەوامی فەرمانبەران لە سلێمانی لە هیچ بارودۆخێكدا نەوەستاوە و مامەڵەی هاووڵاتی لەسەر دەوامی فەرمانبەران نەوەستاوە.
ڕاشیگەیاند، تەنانەت لەو كاتانەشی بایكۆت هەبووە، بایی ئەوەندە سەرمایەی مرۆیی لە دامودەزگاكاندا بوون، كە ئەركی ڕۆژانەی خۆیان و داواكاری هاووڵاتیان وەڵام بدەنەوە.
وتیشی، “بە ئاسایی بوونەوەی ڕۆژمێری 30 ڕۆژەی مووچە، هەموو شتێك ئاسایی دەبێتەوە و دڵنیاشم فەرمانبەران، كە پشتیوانی هەنگاوی لەوجۆرەن، كە مووچە لەكاتی خۆیدا وەربگرن وەكو ڕابردوو هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بە خزمەتكردنی خەڵك دەبەخشن”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هێشتا دابەشكردنی مووچە نەگەڕاوەتەوە بۆ كۆتایی مانگ و چەند مانگێكە لە نزیكەی 10ی مانگی داهاتوودا دابەش دەكرێت و ئەمڕۆش، كە 27ی تەمموزە هێشتا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی 7 لە بەغداوە نەدراوە ئەمە جگە لە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە نزیك دەبێتەوە لە 10 ساڵ هێشتا ئەو مافە یاساییە بۆ فەرمانبەران نەگەڕێنراوەتەوە.
پێشتر فەرمانبەران و مامۆستایان و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی یەكێتی مامۆستایان-یش ڕایانگەیاند، “بە پێنەدانی پلەبەرزكردنەوە، هێشتا بڕێك لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت” و ئەوەش وەك ئەوەیە هێشتا بە لێبڕینەوە مووچە بە فەرمانبەران و مامۆستایان بدرێت.