ڕاوێژکارێکی سودانی لەبارەی پڕۆژەی میترۆی بەغداوە دەڵێت، “دەبێتە گەورەترین پڕۆژە و قەیرانی گواستنەوە لە ناوچەکەدا چارەسەر دەکات”.
ئەمڕۆ شەممە، ناسر ئەسەدی، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری گواستنەوە ڕایگەیاند، پڕۆژەی میترۆی بەغدا 85%ی ناوچەكانی پایتەخت دەگرێتەوە بە تێچووی زیاتر لە 18 ملیار دۆلار دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی ناوچەکە.
ناسر ئەسەدی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هاوپەیمانییەی كە لە پڕۆژەی میترۆی بەغدا کاردەکات لە نۆ كۆمپانیا پێكهاتووە، کە لەسەر ئاستی جیهان تایبەتمەندن بە کاری میترۆ.
ئاشکرای کرد، هاوپەیمانی ڤاسخۆت ونتەر كاپیتاڵی سویسری كە كۆمەڵێك كۆمپانیا لە ئیسپانیا، فەرەنسا، توركیا و بانكێكی ئەڵمانیا لەخۆدەگرێت، مانگی ئابی داهاتوو دەست بە كاركردن لە پڕۆژەكە دەكەن، کە لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو دەبێت و 18 ملیار دۆلار تێچووەکەی دەبێت.
وتیشی، ئەو ناوچانەی كە میترۆکە پیایدا تێدەپەڕێت دەستنیشان كراون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، زیاتر لە 20 جار گەشتمان كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەو شوێنانە، شەمەندەفەرەکە بە 85% شوێنی بەغدا تێدەپەڕێت و هەموو ناوچە ئاینییەكان دەگرێتەوە، ئیسلامی، مەسیحی، یان سوننە یان شیعە، هەروەها هەموو ئەو زانكۆیانە دەگرێتەوە كە دەكەونە پایتەخت، لەگەڵ ئەوەشدا بە زۆربەی وەزارەتەكان، یاریگاكانی تۆپی پێ، بازاڕە گشتیەكان، و بازاڕەكانی شوێنە گەشتیاری و كات بەسەربردنەكانیش تێدەپەڕێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، 7 هێڵی یەكتربڕینی دەبێت، 64 وێستگە و 4 شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی هەیە كە لە هەر وەستانێكدا توانای 10 هەزار ئۆتۆمبێلیان هەیە، مەبەست لێی كەمكردنەوەی چڕی هاتووچۆیە لەناو شارەكەدا.
جەختی لەوەشکردەوە، دەبێتە گەورەترین پڕۆژە لە ناوچەكەدا و بەشێوەیەكی بەرچاو قەیرانی گواستنەوە چارەسەر دەكات.