ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی دووگیان نەبوون لە ژناندا چیین؟



پزیشکێکی ژنان و منداڵبوون هۆکارەکانی دووگیان نەبوون لە ژنان ڕووندەکاتەوە و لە چەند خاڵێکدا باسی دەکات.

دکتۆرە چرۆ حسێن عزیز، پزیشکی نەشتەرگەری و پسپۆڕی ژنان و منداڵ بوون و نەزۆکی لەبارەی دووگیان نەبوونی ژنانەوە دەڵێت، دووگیان نەبوون (نەزۆکی) بریتییە لە درووستنەبوونی دووگیانی لە دوای ١٢ مانگ یان زیاتر لە جووتبوونی ڕێکوپێک و بێ هیچ ڕێگاییەکی مەنع کردن.

هۆکارەکانی دووگیان نەبوون لە ژنان بەم شێوەیە ڕووندەکاتەوە، گیرانی بۆرییەکانی فالۆپ کە لە ڕێگایەوە هێلکە لە هێلکەدانەوە بۆ منداڵدان دەڕوات، لەوانەیە گیران لە ئەنجامی نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان یاخود نەشتەرگەری ناوچەی حەوز دەبێتە هۆی نەتوانینی هێلکە یان سپێرم بۆ گەیشتن بە منداڵدان.

لەبارەی هۆکارێکی دیکەوە دەڵێت، نەخۆشی هێلکەدان، کە بریتییە لە بێتوانایی هێلکەدان بۆ بەرهەمهێنانی هێلکەی پێگەیشتوو، یان بوونی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکانی هێلکەدان وەک نەخۆشی فرە کیسی هێلکەدان

ئاماژە بەوەشدەکات، هەڵکشانی تەمەن، کە یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی کەمبوونەوەی توانای منداڵبوون یان نەزۆکی, چونکە هەڵکشانی تەمەن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی هێلکەکانی هێلکەدان، هەروەها کوالێتی ئەو هێلکە بەرهەم هێنراوانە کەم دەبێتەوە. هەموو ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری دووگیانی لە دوای تەمەنی ٣٥ ساڵی، و قورستر لە دوای تەمەنی ٤٥ ساڵی.

دکتۆرە چرۆ حسێن عزیز، باس لەوە دەکات گرێی ڕیشاڵی منداڵدان، جۆرەکانی گرێی ڕیشاڵی منداڵدان زۆرن و هەموویان نابنە هۆی نەزۆکی، گرێی ڕیشاڵی منداڵدانی ناو دیواری ناوەوەی منداڵدان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەگەری دووگیانی، وە ئەگەری دووگیانی زیاد دەکات کاتێک ئەم گرێیانە لادەبرێن.

لەبارەی هۆکارەکانی دیکەی دووگیان نەبوون دەڵێت، گۆشتی زیادەی ناو منداڵدان، بوونی ناوپۆشی منداڵدان لە دەرەوەی منداڵدان (ئیندۆمیتریۆسس) کە بریتییە لە گەشەکردنی شانەکانی هاوشێوەی شانەکانی منداڵدان لە دەرەوەی منداڵدان، لەکارکەوتنی پێشوەختەی هێلکەدان، نەخۆشی هەوکردنی حەوز، چارەسەری دەرمانی وەک چارەسەری کیمیایی بۆ شێرپەنجە و نەخۆشیەکانی غودەی دەرەقی بەشێکی دیکەن لەو هۆکارانە کە وا دەکات ژنان دووگیان نەبن.

 

 

سودانی لەگەڵ نوێنەری تورکمانەکانی کەرکووک کۆبووەوە
پێت سودانی لەگەڵ نوێنەری تورکمانەکانی کەرکووک کۆبووەوە
کارەبا هاووڵاتییان لە داشکاندن ئاگادار دەکاتەوە
دوات کارەبا هاووڵاتییان لە داشکاندن ئاگادار دەکاتەوە
پەیوەندیدار