بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، پلەكانی گەرما ڕوو لە دابەزین دەكەن و شارەزایەكی كەشناسی باس لە هەڵكردنی ڕەشەبایەكی بەهێز دەكات، كە لە هەندێك كاتدا خێراییەكەی دەگاتە 70 كیلۆمەتر.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی شەممە 27/7/2024 ئاسمانی ھەرێمی کوردستان ساماڵ ئەبێت و لە ئەنجامی کاریگەری بەردەوامی بارستە ھەوای فێنک لەسەر ناوچەکانمان پلەی گەرمی بەراورد بە ئەمڕۆ بەرێژەی 1 تا 3 پلەی سەدی نزمتر ئەبێت و خێرایی با لەسەرخۆ و کاتەکانی دوای نیوەرۆ مامناوەند ئەبێت 10-25کم/کاتژمێر.
ڕاشیگەیاند، بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ سبەی لە ھەولێر و دهۆك و زاخۆ و ڕاپەڕین و سۆران 39 پلە و سلێمانی 37 پلە و ھەڵەبجە و كەركوك 40 پلە و ئیدارەی گەرمیان 42 پلە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەھۆی کاریگەری بارستە ھەوایەکی سارد لەسەر ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و باکووری ئێران لەنێوان کاتەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە 29/7/2024 تا نیوەرۆی ڕۆژی سێ شەممە 30/7/2024 لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین بای باکوری ڕۆژھەڵات پێشبینی ئەکرێت بەخێراییەکی بەرز چالاک ببێت لەنێوان 30کم تا ھەندێک کات زیاتر بۆ 70کم لە کاتژمێرێکدا .