شێخ جەعفەر بەرزنجی، پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، لە عەممان-ی پایتەختی ئوردن كوچی دوایی كرد.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 26ی تەمموزی 2024، شێخ جەعفەر بەزرنجی، پارێزگاری سەردەمی بەعس لە سلێمانی لە ئوردن كۆچی دوایی كردووە.
شێخ جەعفەر بەرزنجی كێیە؟
شێخ جەعفەر بەرزنجی، لە ساڵی 1980 لەدوای ئەرشەد زێباری كرایە پارێزگاری سلێمانی تا ساڵی 1990، سەردەمەكەی ئەو بەڕەشترین و تۆقێنەرترین و پڕ لەكوشتارترین 10 ساڵی شاری سلێمانیو سنوری ئەم پارێزگایە دادەنرێت.
شێخ جەعفەر بەرزنجی، سەر بەبنەماڵەیەكی ناسراوی ناوچەی قادر كەرەم-ە و لە ساڵی 1938 لەدایك بووە، شێخ عەبدولكەریمی باوكی کە شێخی تەریقەتی قادری بووە، شێخێكی دەستڕۆشتوی رۆژگاری خۆی بووە لەو ناوچەیەدا و 8 ژنی هێناوە و 10 كوڕ و 8 کچی هەبووە، كە شێخ جەعفەر لەهەموویان زیاتر لەناو خەڵکدا ناسراوە.
شێخ جەعفەر سێ ژنی هێناوە، دوو كور و كچێكی هەیە لەژنەكانی پێشووی، سێ كچیشی هەیە لە هاوسەری سێهەمی، كە ئەندازیارە.
ساڵی 1990، پلەی شێخ جەعفەر بەرز دەكرێتەوەو دەكرێت بەسەرۆكی “مەجلیسی تەنفیزی حوكمی زاتی”، بەڵام زۆر ناخایەنێت كە لەبەهاری 1991دا، بەهۆی داگیركردنی كوێت لەلایەن سوپای عێراقو هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی كەنداوو هێرشی هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، خەڵكی كوردستان دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ راپەڕنو دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لەكوردستان رابماڵن.
شێخ جەعفەر بەرزنجی وەك سەرۆكی مەجلیسی تەنفیزی حوكمی زاتی كوردستان، لەساڵی 1991ەوە تا 2003 كە رژێمی بەعس دەڕوخێت لەبەغدای پایتەخت دەمێنێتەوە، سەدام حسێن لەو ماوەیەدا خانویەكی لەپایتەخت پێدەبەخشێت، كە دوای روخانی رژێم دەیفرۆشێت.
پاش روخانی رژێم لەساڵی 2003دا، ماوەیەك لە هەولێر و دواتر كەركوك نیشتەجێ دەبێت، بەڵام بەهۆی فرمانی دەستگیركردنی لەسەر سكاڵای كەسوكاری شەهیدان، هەڵدێت بەرەو دیمەشق-ی سوریا و دواتر بەهۆی ئاڵۆزییەكانی سوریاوە، ڕوودەكاتە توركیا و دواتر بەیەكجاری دەچێتە عەممانی پایتەختی ئوردن و تا كۆچی دوایی لەوێ دەمێنێتەوە.