دەکەنوەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی بانکی و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بانکەکان پێشکەش بە هاوڵاتیانی دەکەن، چاکسازی لە دامەزراوە داراییەکانی وەزارەتەکە دەکەن بەتایبەت بانکەکانی رەشید و رافیدەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتیی ئێرنست ئەند یۆنگ ئەنجام دا و گفتوگۆ لەبارەی پلان و هەنگاوە پێویستەکان بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنی دامەزراوە داراییەکانی وەزارەتەکە کرا.
وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا باسیلەوەکردووە کە بۆ چاکسازیکردن و داڕشتنەوەی سیستمی بانکەکان سوود لە شارەزایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان وەردەگرن، ئەوەش وا دەکات بانکەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر قبوڵکراو و باوەڕپێکراو بن.
راشیگەیاند، ئەم هەنگاوە رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە پەرەپێدانی کوالێتی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەتایبەت بۆ هاووڵاتییان، جگە لەوەش متمانەی وەبەرهێنەران بە ئابووریی عێراق بەرزتر دەکاتەوە.