سەرۆکی یەکێتی سەردانی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد و وتی” ژیان و ئارامیی خەڵكەكەمان لەسەروو هەمووشتێكەوەیە”.
بافڵ تاڵەبانای سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد و لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ کۆبووەوە .
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لەكۆبوونەوەکەدا فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ نەخشەڕێگا و هەنگاوی داهاتووی هێزەكانی لە راپۆرتێكدا روونكردنەوە و جەختی لە رێكخستن و بەهێزتركردنی توانا سەربازییەكان كردەوە تاوەكو بەهەمووشێوەیەك ئامادەی پاراستنی كوردستان و ژیانی خەڵكەكەی بن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستانی كرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی كوردستان و رایگەیاند، ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئێوەیە هاوشانی هێزە ئەمنییەكانیتری كوردستان لە هەوڵەكانتان بۆ چەسپاندنی یاسا و پاراستنی ئاسایشی كوردستان بەردەوامبن، فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكانیشتان فاكتەری بەهێزی و سەركەوتنتانە.
هاوکات بافڵ ئاماژەی بەوەشكرد، ژیان و ئارامیی خەڵكەكەمان لەسەروو هەمووشتێكەوەیە، بۆیە پێویستە دەستێكی پۆڵایین بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنان و هیچ بوارێك بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمەكەمان مەهێڵنەوە.