ڕۆژئاوای كوردستان ئەردۆغانی خستە گێژاوەوە



 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پرسی گفتووگۆكانی دیمەشق و ئەنقەرە بە چاودێری ڕووسیا لە مۆسكۆ كە ئامانجی سەرەكیی لێدانە لە بەرژەوەندییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گەرمە، تا ئێستا ئەنجامێكی ڕوون لەبەردەستدا نییە لەبارەی ناوەرۆكی گفتووگۆكان جگە لە چەند لێدوانێكی فەڕمی كە باسی كەیسی تیرۆر و ئاوارەكان دەكەن، بەڵام شرۆڤەكاران قسەی دیكەیان هەیە.

دەوڵەتی توركیا كەوتووەتە نێو ململانێی توندی ئەمریكا و ڕووسیا و هاوكات مەترسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و لەدەستدانی هاوپەیمانە ئیسلامییەكانی لە سووریادا.

ئەنقەرە دوای ئەوەی لە ژێر گووشارە نێودەوڵەتییەكاندا شكستی لەهێرشی سەر ڕۆژئاوا هێنا، ناچاری پەنابردن بۆ دیمەشق بوو بە ئامانجی لەناوبردن یان لاوازكردنی پێگەی كورد لە ڕۆژئاوا.

مۆسكۆ دەمێكە خوازیاری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دیمەشقە بۆ ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و پارێزگەی ئیدلبی ژێر دەستى گرووپە توندڕۆكان، ڕەنگە ئەمە بەرژەوەندی هاوبەشی ئەم سێ دەوڵەتە بێت جگە لە چەند پرسی دیكەی هەرێمی پەیوەست بە ئەنقەرە و مۆسكۆوە، لە پێشیانەوە جەنگی ئۆكراین.

بۆچی توركیا بۆ ڕووسیا گرینگە؟
مۆسكۆ مووشەكی ئێس 400ی بە توركیا فرۆشتووە و خوازیاری هێشتنەوەی پەیوەندییەكانە بە شێوەیەكی باش.

توركیا ڕێگایگرت لە بوونە ئەندامی هەردوو دەوڵەتی سوێد و فێنلاند لە هاوپەیمانی ناتۆ ئەمە لەبەرژەوەندی ڕووسیایە.

ڕووسیا بەشداری لە گفتووگۆكانی ئازەربایجان و ئەرمینیادا كرد دەربارەی ڕەوشی ناگۆڕنۆ قەڕەباخ لە قەوقاز، مۆسكۆ دەتوانێت لەو كەیسەدا هاوكاری توركیا بكات.

ئەنقەرە و مۆسكۆ بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەت لەلاوازكردنی پێگەی ئەمریكا لە سووریا، بەڵام لە هەموو پرسەكانی سووریادا ڕێك نین.

هەردوولا خوازیارن كێشە و گرفت بۆ هاوپەیمانی ناتۆ دروست بكەن هەرچەندە توركیا خۆی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام ئێستا كێشەی لەگەڵ زۆرێك لە ئەندامانی ناتۆدا هەیە، بەتایبەت ئەمریكا و یۆنان و فەڕەنسا.

لە بەرامبەر هەوڵەكانی نزیكبوونەوەی ئەنقەرە لە مۆسكۆ، ئێریك كۆریلا فەرماندەی سەربازی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، بە هەموو جۆرێك دژی تێكدانی ئاسایشی ناوچەكەن، دژی هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازین.

ئامانجی توركیا لاوازكردن یان لەناوبردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سووریای دیموكراتە، لەبەرامبەردا جێگیركردنی ئاوارە سووریاییەكانە لەناوچە كوردییەكان، ئەمەش بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە و ڕاگواستنی كورد و نیشتەجێكردنی عەرەب هاوشێوەی عەفرین.

نزیكبوونەوەی مۆسكۆ و ئەنقەرە بەتەنها ڕۆژئاوای كوردستانی ڕووبەڕووی مەترسی نەكردووەتەوە، بەڵكو ئۆپۆزسیۆنی سووریا و گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی سووریای هاوپەیمانی توركیاشی گرتووەتەوە.

لە چەند شارێكی ژێر دەستی گرووپە چەكدارەكان خۆپیشاندانی تووند دژی توركیا بەڕێوەچوون، لەوێ خۆپیشاندەران دەیانگوت شۆڕشی سووریا بۆ فرۆشتن نییە، هەر جۆرە ئاشتبوونەوەیەك لەگەڵ ئەسەد لەلایەن هەر لایەكەوە بێت ڕەتدەكەنەوە.

بەشێك لە شرۆڤەكارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێن ئەنقەرە خەریكە شۆڕشی سووریا بفرۆشێت كە هەزاران قوربانی بۆ دراوە لە پێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیدا.

ئێستا ئەنقەرە لەنێو ئاڵۆزییەكانی مەترسیی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ سەری و لێكەوتەكانی پاشەكشە لەئەو بەڵێن و كارانەی زیاد لە دە ساڵە لە سووریا كاری لەسەر دەكات لەچوارچێوەی پڕۆژەی ئیخوانی و گرووپە ئیسلامییەكاندا گیریخواردووە، لەلایەكی دیكەشەوە لەناو ململانێكانی ڕووسیا و ئەمریكادایە، لەناوخۆی توركیاشدا ڕەوشی ئەردۆغان و پارتەكەی لەگەڵ نزیكبوونەوە لەهەڵبژاردنەكان باش نییە، بۆیە جارێ ئایندەی دەرچوونی توركیا لە ئەم گێژاوە دیار نییە، دەبێت چاوەڕێی شانۆی ڕووداوەكان بكەین.

بەڕای بەشێك لە شرۆڤەكاران ئامانجی سەرەكی ئەم جموجۆڵانەی ئەردۆغان لە كورتمەودادا مسۆگەركردنی بردنەوەی هەڵبژاردنەكانە كە مەترسی زۆری دەرنەچوونەوەی هەیە.

 

40 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر جێبەجێكراون
پێت 40 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەولێر جێبەجێكراون
بەفر و باران دەبارێت
دوات بەفر و باران دەبارێت
پەیوەنیدر