غەواسەکان؛ ئەو تیمانەی کە تەنیا پێنج خوولەک دەرفەتیان هەیە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤێک



سەرۆکی تیمی غەواسی خەبات لەبارەی پیشەکەیەوە دەڵێت، وەکو تیمی غەواسی خەبات ماوەی ٢٠ ساڵە خەریکی ئەو کارەین، هەموو هەوڵمان ئەوەیە کە گیانی کەسێک لە مردن ڕزگار بکەین.

ڕۆژی ٢٥ی تەمووزی ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیھانی خۆپاراستن لە خنکان دیاریکراوە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و دامودەزگا پەیوەندارەکان گرنگی لەسەر خۆپاراستن و پابەندبوون بە ڕێنماییەکان دەکەنەوە بۆ سەلامەتی گیانی ھاووڵاتییان، یەکێک لەو لایەنانەی کە پەیوەندارن بە فریاکەوتنی هاووڵاتییان لە ڕووداوی خنکاندا، تیمەکانی غەواسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانین لە ناوچەکە.

تیمی غەواس بریتییە لە کۆمەڵێک کەس کە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک بۆ ڕزگارکردنی کەسێک یان دۆزینەوەی تەرمی خنکاوێک لە ناو ئاودا، بە گشتی تیمەکە لە شەش کەس پێک دێن کە بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆریان هەیە و لەمیانی گەڕان و پشکنیندا هەندێک جووڵەی تایبەت بۆ لەیەکتر تێگەیشتن بەکاردەهێنن و وەک بازنەیەک تیمەکە بەیەکەوە گرێدراون بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووبن.

یەکێک لەو تیمانەی کە بەردەوام لە وەزری هاویندا لە ئەرکدا دەبێت، تیمی غەواسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی خەباتە لە قەزای خەبات، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە کە زێی گەورەی پیادا تێپەڕ دەبێت، ساڵانە خەڵکێکی زۆر تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن لەناو ئاودا، تیمەکە توانای چوونە خوارەوەی ٤٠ مەتر قوڵایی هەیە لە ژێر ئاودا.

تیمەکە لە شەش کەس پێک دێت، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئیڤیکۆ تایبەت بە غەواس، بەلەم و ئۆکسجین و سەرجەم پێداویستییەکانییان هەیە، ئەم تیمە دابەشدەبن بۆ سەر چەند ئەرکێک، دوو لەوان غەواسی سەرەکین کە ئەرکیان چوونە ژێر ئاوە، دوو غەواسی یەدەگ و چاودێر لەناو بەلەمەکە دەمێننەوە، هەروەها بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ لەناو بەلەمەکە لە ڕێگای پەتێکەوە هەماهەنگی لەگەڵ دوو غەواسەکەی ژێر ئاودا دەبێت، هاوکات یەکێکی دیکەش وەک بەلەمەوان ڕۆڵی خۆی دەبینێت.

حازم مەجید عەلی، غەواسی سەرەکی کە هاوکات سەرۆکی تیمی غەواسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی خەباتە، بەشداری لە چەندین خوولی تایبەت بەم بوارە کردووە لە عێراقدا، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕۆڵ و ئەرکی تیمەکەیان دەخاتەڕوو، هاوکات جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ناهۆشیاری بەشێک لە هاووڵاتییان هۆکارە بۆ ڕوودانی کارەساتی گەورە.

سەرۆکی تیمی غەواسی خەبات، حازم مەجید عەلی وتی، “ئێمە وەکو تیمی غەواسی خەبات کە ماوەی ٢٠ ساڵە خەریکی ئەو کارەین، هەموو هەوڵمان ئەوەیە کە گیانی کەسێک لە مردن ڕزگار بکەین، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت هەر کەسێک مرۆڤێک ڕزگار بکات وەک ئەوە وایە خەڵکی سەر زەوی هەموو ڕزگار کردبێت، بۆیە زیاتر هەوڵەکانی ئێمە لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینییە، چونکە گەشتیارێکی زۆر دێتە سنوورەکەمان و زۆربەشیان ناشارەزان کە بەداخەوە دەبێتە هۆی ڕووداوی نەخوزراو.

حازم مەجید عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی ڕووداوەکاندا شایەتحاڵ بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دۆزینەوەی تەرم، چونکە ئەوکاتە ئێمە زوو دەتوانین خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکە بکەین و هەندێکجار دەبێتە هۆی ڕزگارکردنی کەسەکە چونکە خنکان بە چەند قۆناغێک تێپەڕ دەبێت و دەتواندرێت لە قۆناغەکانی سەرەتادا واتا لە چەند خوولەکی سەرەتا، گیانی کەسەکە ڕزگار بکەیت، بەڵام هەندێک جار خەڵکێکش هەیە کە ناتوانێت وەک شایەتحاڵ قسە بکات ئەوا کارەکانی ئێمە قورستر دەکات.

سەرۆکی تیمی غەواسی خەبات باسی قۆناغەکانی ژێرئاوکەتن و خنکان دەکات و وتی، پێش هەموو شت ئەگەر کەسێک لە ئاوێکی ڕووندا نقووم بوو، ئەوا چانسی ڕزگارکردنی زۆر زیاترە، چونکە ئەگەر مەلەوانێک لە ناوچەکە هەبێت دەتوانێت لەماوەی چەند خوولەکێکدا ڕزگاری بکات، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئاوەکە لێڵ بوو ئەوا لە چەند مەترێکدا دیارنامینێت، ئینجا کاتێک کەسێک نقووم دەبێت، لە ٥ خوولەک بۆ ٨ خوولەک ئەگەر توانرا ڕزگار بکرێت ئەوا هیوای ژیانی هەیە چونکە سییەکانی لە ئاو بە تاڵ دەکەیت و هەناسەی دەستکردنی بۆ دەکەیت، بەڵام ئەگەر لە ٨ خوولەک زیاتر بوو ئەوا سییەکانی پڕ دەبن لەئاو و دواتر ئۆکسجین بۆ مێشکی ناڕوات و پاشان بەربوونی خوێن لە مێشکی ڕوودەدات. ئەگەر سەیر بکەیت ئەوانەی خنکاون بەشی هەرە زۆریان خوێن لە گوێ یان لووتییان هاتووە، ئینجا سەرکەوتنی تەرم بۆ سەر ئاوەکە بە پێی تەمەن و وەرز دەگۆڕێت.

دا

لەبارەی چۆنییەتی و شێوازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەیان لەمیانی بەدواداگەڕانی تەرمێک، حازم مەجید عەبدوڵڵا وتی، “بە گشتی تیمەکان شەش کەسن، دابەشدەبین بەسەر، بەلەمەوان، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ کە لەناو بەلەمدا دەمێنێتەوە، دوو غەواسی سەرەکی بۆ ژێر ئاو، دوو غەواسی یەدەگ کە ئەوانە لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ هەر ئەگەرێک، ئەو دوو هەر چوار غەواسەکە سەرجەم جلوبەرگ و کەلوپەل و پێداویستییەکانمان لەلایە”.

حازم مەجید عەلی باسی لەوەشکرد، “هەموو پەیوەندییەکان، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ لەناو بەلەمەکە ڕێکی دەخات لە ڕێگای پەتێکەوە کە پێی دەوترێت تەلەفۆن، چونکە لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکدا پەتێک لە نێوان بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ و غەواسی سەرەکیدا هەیە لە ژێر ئاو و لە ڕێگای جووڵەکردن بە پەتەکەوە قسە دەکەن، سەرەتا لەناو بەلەمەکە بە ئاماژەیەک یەکتر حاڵی دەکەن کە دەچنە ژێر ئاو، ئینجا دەستپێک ڕوودەدات و دوو غەواس دەچنە ژێر ئاو، کاتێک دەگەنە سەر زەوی لە ژێر ئاوەکەدا ئەوا بە ڕاتەکاندنی یەکجاری پەتەکە واتا ئێمە گەیشتینە سەر زەوی، دواتر دەست بە پشکنین دەکەین بە دەست، بەڵام لە هەر ٤٠ چرکەیەکدا، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ لەناو بەلەمەکە، یەکجار پەتەکە ڕادەتەکێنێت وەکو هەواڵ پرسین، دەبێت لەوکاتەدا من وەڵامی نەدەمەوە تا منیش لە ڕێگای جووڵەیەکی دەستگوشین هەواڵی هاوکارەکەم دەپرسم و ئەویش بە هەمان جووڵە وەڵام دەداتەوە، ئینجا من وەڵامی سەرەوە دەدەمەوە کە باشین”.

سەرۆکی تیمی غەواسی خەبات باس لەو قۆناغە دەکات کاتێک تەرمێک دەدۆزنەوە و دەڵێت، “ئەگەر لە حاڵەتێکدا کە تەرمێکمان دۆزیەوە لە ژێر ئاودا، بۆ نموونە هاوکارەکەم تەرمەکەی دۆزیەوە، ئەوا لە ڕێگای جووڵەیەکی تایبەتەوە کە دەستگوشینێکی کارەباییە، لەیەکتر حاڵی دەبین، لەوکاتەدا منیش کە پەتەکەم بەدەستەوەیە بە ئاماژەیەکی ڕاتەکاندنی پەتەکە بۆ ماوەی سێجار بەخێرایی، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ ئاگادار دەکەمەوە کە تەرمەکەمان دۆزیوەتەوە، ئەویش لە ڕێگای پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هەوڵی دوورخستنەوەی کەسوکارەکانییان دەدات، ئێمەش هەر لە ژێر ئاو تەرمەکە بەرەو شوێنێکی تەنکایی دەبەین ئینجا دەریدەهێنین، چونکە ئەگەر پۆلیس خەڵکەکەی دوورنەخاتەوە و ئێمەش لە هەمانشوێن تەرمەکە دەربهێنین، مەترسی ئەوە دەبێت کە کەسوکاری خنکاوەکە لە تاو قورسی کارەساتەکە خۆیان بە ئاودا بدەن، ئەوکات کارەساتەکە گەورەتر دەبێت”.

بە وتەی سەرۆکی تیمی غەواسی خەبات، هەندێکجار هەیە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت تا تەرمێک دەدۆزرێتەوە، هەندێکجاریش هەیە هەر نادۆزرێتەوە و لەبارەی ئەم جۆرە ڕووداوانەش، حازم مەجید عەبدوڵڵا وتی، “١٩ ساڵ لەمەوبەر کچێکی تەمەن ٦ ساڵانە و گەنجێکی ١٩ ساڵانە کە خەڵکی پارێزگای تکریت بوون، لە زێی گەورەدا خنکان و تا ئێستاش تەرمەکانییان نەدۆزرایەوە”.

 

 

حازم مەجید عەلی گلەیی لەو هاووڵاتییانە هەیە کە ڕێنماییەکان جێبەجێ ناکەن، هاوکات ڕەخنە لەوانەش دەگرێت کە دەبنە هۆکاری خنکانی هاوڕێکانییان و لەمبارەیەوە وتی، “لەسەر زێی گەورە چەند تابلۆیەک هەڵواسراون لەو شوێنانەی کە مەلەکردنییان تیادا قەدەغەیە، بەڵام بەداخەوە بەشێک لەوانەی دێنە شوێنەکە گوێ بە ڕێنماییەکان نادەن و زۆرجاریش ئەمە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە، هەروەها زۆر حاڵەتیش هەبووە کەسێک بە مەلەوانی لە چووەتە ئەوبەری زێی گەورە و گەڕاوەتەوە، بەڵام هاوڕێکانی هانیانداوە کە جارێکی دیکەش بچێتەوە و ئەویش لەبەر عەیبە و قسەی دەوروبەری لەسەر ئەو ماندووبوونە جارێکی دیکە چووەتە ناو ئاو و ئەمجارە لە ناوەڕاستی ئاودا توانای نەماوە و ئاو بردوویەتی و خنکاوە، بۆیە گرنگترین شت لەبەرکردنی ئێلەگە لەناو ئاودا”.

ڕۆژی جیھانی خۆپاراستن لە خنکان لە ڕێگای بڕیارنامەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیسانی ٢٠٢١ دروستبووە و بە ئامانجی چارەسەرکردنی خۆپاراستن لە خنکان لە جیھاندا، ڕۆژی ٢٥ی تەمووزی ھەموو ساڵێک بەو ڕۆژە ناسراوە.

 

 

مەعکەرۆنی خواردنە دڵخواز و جیهانییەکە
پێت مەعکەرۆنی خواردنە دڵخواز و جیهانییەکە
تانکییەکی گازی شل تەقییەوە و دوو منداڵ برینداربوون
دوات تانکییەکی گازی شل تەقییەوە و دوو منداڵ برینداربوون
پەیوەندیدار