پ. د. سەعید علی محمد
ئەو تایتڵەی كە گۆڤاری (ئیكۆنۆمیست) لە بەرگەكەی خۆی داینابوو دوابەدوای دیبەیتەكەی ترامپ و بایدن دیموكراتەكانی توڕە و بێزار كرد، ئەو گۆڤارە ڕەسەن و بەناوبانگە (بایدن)ی بەلاوازو بێ توانا لە قەڵەمدا، كاتێك ناوبراو زۆر ماندوو دەركەوت لە دیبەیتەكەدا ، هەندێجار دەمیشی تەتەڵەی دەكرد لە دەربڕینی ڕستەكاندا، جگە لەوەی ناوبراو بە وشە هەڵە زۆرەكانی بەناوبانگە لە كۆنگرە ڕۆژنامە نووسیەكاندا یان لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ سەركردە جیهانیەكاندا! ئێستا كە (بایدن) لە كێ بەركێ كشایەوە هەموو شتێك گۆڕاو، دوای دیاریكردنی (كامالا هاریس) وەك جیگرەوەی (بایدن) لەبەرانبەر (ترامپ)دا، ترامپ وەك پێشبینی دەکرا تیرەكانی خۆی ئاڕاستەی (كامالا هاریس) كردو شكست پێهێنانیشی زۆر بە ئاسان وەسف كرد!
بێگومان دیاردەی دیاریكردنی (ترامپ) وەك پاڵێوراوی كۆمارییەكان هیچی كەمتر نییە لە باری لاری دیموكراتەكان، چونكە ویلایەتی یەكەمی (ترامپ) نیشاندەری نمونەیەک بوو بۆ سەرۆکێکی دڵسۆز لەلایەک، لە لایەکی تریشەوە نموونەی وەرچەرخانی سیاسەت بوو لە ڕێڕەوە گشتییەكەیەوە بۆ ڕێڕەوی سەفقە بازرگانیە ڕووتەكان، هەردوو نموونەكەش درێژكراوەی سروشتیی و ئاسایی ئەو ئەزموونە سەركردایەتیە نەتەوەییانە نییە كە پێشتر حیزبی كۆماریی نوێنەرایەتی دەكردن، ئەو حیزبە كۆمارییەی كە لە سەردەمی (ئەبراهام لینكۆڵن)ـەوە بۆ تەختی سەرۆكایەتی ئەمریكا سەركەوتووە و، بە سەرۆكایەتی ناوبراو توانی ئەمریكای باكوور و باشوور یەكبخات و، كۆیلەكان ڕزگار بكات، جگە لە سەرۆكەكانی تری ئەو پارتە وەك ( ئایزنهاوەر) كە سەرۆكایەتی هێزەكانی هاوپەیمانانی دەكرد لە سەركەوتن لە جەنگی جیهانی دووەمدا، هەروەها (ڕۆناڵد ڕێگان)یش كە سیاسەتەكانی یەكلاكەرەوە بوون لە هەڵوەشاندنی یەكێتی سۆڤیەت و هەڵتەكاندنی پەیمانی وارسۆ.
لەم بارودۆخەدا كە كێ بەركێی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی بەخۆوە دەبینێ لەنێوان پاڵێوراوێك و سەرۆكێكی پێشوودا، (ترامپ) سیاسەتەكانی خۆی لە سۆنگەی عەقڵیەتی كەسێكی بازرگان و پاڵێوراوێكەوە دادەڕێژرێ كە هێشتا هەڵنەبژێردراوە! لێرەدا چەند پرسیارێكی گرنگ و ستراتیجی دێنە پێشەوە كە دەنگە ڕەسەنەكانی نێو ئەمریكا دەیانوروژێنن لەبارەی داهاتووی ئیمپراتۆریەتەكەی ئەمریكا نەك تەنها لە ئاست سیاسەتی سەرۆكەكانی لە دۆسیە دەرەكییەكاندا، بەڵكو لەبارەی ئەو دابەشبوون و پارچە پارچەبوونە ناوخۆییەی كە ڕووبەڕووی ئەو وڵاتە بوەتەوە و ئاماژە بە هەڵوەشاندنی كۆمەڵگەی ئەمریكا دەكات ، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی شەپۆلی (ترامبایەتی) كە هانی گوتاری نەتەوەیی دەدات بەشێوەیەك كە بە هەند وەرگرتنی (ئەمریكا بە پلەی یەكەم و كەسی سەرۆك بە پلەی دووەم) تایتڵی بەرنامە و پڕۆژە سیاسییەكەیەتی!
ئەم سیاسەتەش پێشتر زۆرێك لە پارتە نەتەوەییە توندڕەوەكانی ئەوروپا پەیڕەویان كرد، هاوشێوەی ئەوەی ئەڵمانیای هیتلەرو ئیتاڵیای مۆسۆلۆنی تاقیانكردەوە و بووە هۆی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی دووەم!
ئەم پاشەكشەكردنەی ئێستای هەردوو پارتە سەرەكیەكە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دیاردەیەك نیە تەنها تایبەت بێت بە ئیمپراتۆریەتی ئەمریكاوە، بەڵكو ئەو حاڵەتە دیاردەیەكە كە دەكرێ بەشێوەیەكی فراوان و ڕێژەیی گشتگیر بكرێ بەسەر سەراپای سیستەمە سیاسییە ڕۆژئاواییەكەدا! مەعلومە لەم ساڵانەی دواییدا دەركەوت كە وڵاتە سەرەكییەكانی ئەوروپا وەك (ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا) بەدەست قەیرانی دەسەڵاتەوە دەناڵێنن، كە ئەم وڵاتانەش لەلایەك بربڕەی پشتی (یەكێتی ئەوروپا)ن، لەلایەكی ترەوە ئەم وڵاتانە خاوەن جێدەستی مێژوویین لە گەڵاڵەكردنی بناغەی مانا و چەمكی (ڕۆژئاوایی) وەك سیستەمێكی ئابووریی سیاسیی ڕۆشنبیریی!
ئەم سەركەوتنەی ئێستای هێزە شەعبەوییە ڕاستڕەوەكانی نێو ئەو سێ وڵاتەش دیاردەیەكی كاتی نیە و بەس ، بەڵكو ئاماژەیەكە – كە ناكرێ پشت گوێ بخرێ – بۆ بوونی چەندین كێشە و گرفت و هەڕەشەی گەورە كە سیستەمەكە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە!
ئەڵبەتە سێ پایەی سەرەكی هەن كە ئەمریكا و وڵاتانی گەورەی نێو سیستەمی ڕۆژئاوا بەیەكەوە كۆدەكاتەوە و بریتین لە :
- سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریی.
- لیبراڵیەت.
- سیستەمی دیموكراسیی .
كۆی سیستەمە ڕۆژئاواییەكەش كەڵكی لەم سێ پایە وەرگرتووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمە دژ و پێچەوانەكە كە یەكێتی سۆڤیەتی جاران نوێنەرایەتی دەكرد وەك تاكە دوژمنێك و تاكە دژێكی بابەتیی و زیاتر بەتوانا و سەرنجڕاكێش بۆ بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی جیهان! بەتایبەت كە ئەزموونی ئەو سۆڤیەتە شكستی هێنا لە بەدەستهێنانی ئەو دروشمانەدا كە بەرزی كردبوونەوە.
(بناغە ئایدۆلۆژییەكە) كە یارمەتی سەرخستن و هاتنە پێشەوەی ئەمریكا و ئەوروپای دا وەك (سیستەمە ڕۆژئاواییەكە) دوژمنە مێژووییەكەی خۆی لەدەستدا، بەڵام ئەو سیستەمە ڕۆژئاواییە ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چین و ڕووسیادا (سەنەدە ئایدۆلۆژییەكەی) لەدەستداوە كە بە بڕوای خۆیان هێزێكی مەعنەویی و ئەخلاقیی پێ بەخشیبوون! لەدەستدانی ئەو (سەنەدە ئایدۆلۆژییە)ش وایكردووە ناوەڕۆك و حەقیقەتی سەرجەم ناكۆكییەكانی ئێستا ئاشكرا ببن و لە كەس شاراوە نەبن ، كە هەمووشیان لە واقیعدا دەگەڕێنەوە بۆ ( ناكۆكیی و كێ بەركێ لەسەر پێگە و دەسەڵات و دەستڕۆشتوویی و هەیمەنەكردن بەسەر بازاڕی نێودەوڵەتیدا ).
پاشەكشەكردنی فاكتەری ئایدۆلۆژیی قەیران و گرفتی نوێی زۆری هێناوەتە كایەوە و، وڵاتە زلهێز و كاریگەرەكانی ئێستا بەس تەنها خۆیان لە دەزگاو دامەزراوە زەبەلاحەكاندا نابیننەوە ، بەڵكو لە پاڵ ئەو دامەزراوانەدا سیستەمێكی ئایدۆلۆژیشیان هەیە كە بە دوو ئاڕاستە كار دەكات :
ئاڕاستەی ناوخۆیی / نەتەوە.
ئاڕاستەی دەرەكیی / پەیوەندییە دەرەكییەكان .
ئەوەی ئەمڕۆ ئیمپراتۆرییەتی ئەمریكا و كۆی سیستەمە ڕۆژئاواییەكە بەدەستیەوە دەناڵێنێ بە تەنها پاشەكشەی پێگەی سەربازیی و ئابووریی نیە لە جیهاندا ، چونكە تا ئێستاش بەپێی ژمارە و داتاكان ئەوان لەڕیزی پێشەوەی وڵاتانی جیهانن ، بەڵكو ئەوەی ئەو سیستەمە پێیەوە دەناڵێنێ هاتنە پێشەوەی چەند وەرچەرخانێكی گەورەیە لە بونیە و پێكهاتە و دیمەنی فاكتەرە ئایدۆلۆژییەكە كە یارمەتیدەرە بۆ دیاریكردنی ئامڕازەكانی كێبەركێ سیاسییە نێوخۆییەكان ، هەروەها یارمەتیدەریشە بۆ جارێكی تر بیناكردن و داڕشتنەوەی بۆچوون و ئاڕاستەكان لەمەڕ ڕۆڵ و پێگە نێودەوڵەتییەكە ، چونكە ئێستا هەمووان هەست دەكەن و دەبینن كە ئەزموونی لیبراڵیەت و دیموكراسیی لە كۆمەڵگاكانی خۆیاندا بەدەست ( گەڕانەوە بۆ شەكلییەت و ڕواڵەتی بوون)ـەوە دەناڵێنێ و، ئەو ئەزموونە دوابەدوای ئەوەی بە ئاشكرا دەستی لە بنەماكانی ئازادیی و دیموكراسیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا هەڵگرت ، ئێستا لە ئاست جیهاندا بۆتە جێی گومان و قەلەق و ترس و بێ هیوایی!