وه‌زیری شاره‌وانی هەڵوێستی لەسەر بەهەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیاند



وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ‌‌ نوێنه‌رانی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست كۆده‌بێته‌وه‌ و پرسی به‌هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له‌‌ داموده‌زگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریان له‌گه‌ڵدا‌ تاوتوێ ده‌كات.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، ساسان عەونی خۆشحاڵی خۆی به‌ دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست نیشان دا و هاوكات ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستی سه‌باره‌ت به‌ پرسی به‌هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆک وەزیران کار بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن.

ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌، كه‌ گوایه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گرفتی له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی به‌هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستدا دروستكردووه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ نوێنه‌ری فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستی ڕاگه‌یاند، له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، نزیكه‌ی 14 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست هه‌ن،‌ دەبێت مافیان پارێزراو بێت.

ئاشكراشی كرد، به‌شێكی زۆر له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس یان دبلۆمیان هه‌یه‌، كه‌چی به‌ باخه‌وان و شۆفێر و بەردەست گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌ و ئێمه دەمانەوێت و هەوڵی ئەوە دەدەین‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ گرێبه‌ستانه‌دا چاره‌سه‌ر بكه‌ین بە شێوەیەک، کە هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست بەو بڕوانەمەیە بەهەمیشەیی بکرێت کە هەیەتی، نەوەک بەو سیفەتەی کە گرێبەستی بۆ کراوە.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه،‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا داوای زانیاری و داتای ته‌واومان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سێ شێوه‌ زانیاریی سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست بۆمان بنێرن و فۆڕمه‌كانیش ته‌واوبوون‌ و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ به‌هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست كاری جدی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین.

ساسان عه‌ونی، پاڵپشتیی ته‌واوی خۆی بۆ به‌هه‌میشه‌یی كردنی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ڕاگه‌یاند و وتی، “ده‌یانه‌وێت ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ گرێبه‌ستانه‌ی بڕوانامه‌یه‌كی دیاریكراوی وه‌كو ئه‌ندازیاری یان یاسا و كارگێڕی و هه‌ر بڕوانامه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه‌ و پێشتر به‌ ناونیشانێكی دیكه‌ی وه‌كو باخه‌وان و شۆفێر گرێبه‌ستیان بۆ كراوه‌، پێویسته‌ مافیان‌ نه‌فه‌وتێت و له‌سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه‌كانیان بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی”.

 

زانایان دووشەممەیان بە گەرمترین ڕۆژی ساڵ دیاریکرد
پێت زانایان دووشەممەیان بە گەرمترین ڕۆژی ساڵ دیاریکرد
هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی  ماددەی هۆشبەری جیهانە
دوات هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی ماددەی هۆشبەری جیهانە
پەیوەنیدر