وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی دا و سەدان ئەفسەر لێی سوودمەند دەبن.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆ واژووی لە سەر هەمواری ڕێنمایی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد و بە پێی هەمواری نوێ، ئەو ئەفسەرانەی لە پلەی عەقیدن و ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانیان بۆ عەمید، لە کاتی فەراهەمبوونی مەرجە یاساییەکان، دەکرێت لە پایەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی یان بەڕێوەبەری بەش بن لە دامەزراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ.
وتیشی: بەو بڕیارە “داواکاری سەدان عەقید کە بە یاداشتی جۆراوجۆر گەیشتبووە وەزیر، جێبەجێ دەبێت”.
بەڕێوەبەرەکەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: “ئەم جۆرە لە حوکمڕانی پێی دەگوترێ حکومەتی وەڵامدەرەوە، کاتێک هاووڵاتییان لە هەر چین و توێژێک داواکارییەکی ڕەوایان هەبێت و پێشکەشی بکەن، لەم جۆرە حوکمڕانییە داواکارییەکە بە وردی دیراسە دەکرێت و وەڵام دەدرێتەوە”.
ئاماژەشیداوە بەوەی سەدان ئەفسەر لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.