لە ویلایەتەكانی فلۆریدا و ئالاباما لە ئەمریكا، كوژرانی سێ كەس و برینداربوونی ١٣ كەس لە ئەنجامی ئەو هێرشە چەكدارییانەی لەگەڵ چوونە نێو ساڵی تازەوە روویانداوە، راگەیەندرا.
بەشی پۆلیسی ئۆكالا لە فلۆریدا، لە پەیامێكدا لە تویتەر ئەوەی راگەیاند كە بەیانی رۆژی یەكشەممە هێرشێكی چەكداری دوو كوژراو و چوار برینداری لێكەوتووەتەوە.
لە پەیامەكەدا، زانیاری ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە كاتژمێر ٠٤:٣٠ی بەیانی رۆژی یەكشەممە دەنگی تەقە لەنێو قەرەباڵەغییەكی ١٠٠ كەسییەوە بیستراوە و هەر لە شوێنی رووداوەكە دوو كەس بە ناوەكانی داڤۆنتا هاریس تەمەن ٣٠ ساڵان و عەبدولحەكیم ڤان كرۆسكی-ی تەمەن ٢٤ ساڵان گیانیان لەدەستداوە.
هاوكات، چەند كاتژمیرێك پێش رووداوەكەی فلۆریدا هێرشێكی چەكداری لە ویلایەتی ئالاباما گیانلەدەستدانی كەسێكی لێكەوتەوە و نۆ كەسیش برینداربوون كە برینی زۆربەیان سەختە.
پۆلیس، ئەوەی راگەیاند كە گەنجێكی تەمەن ٢٤ ساڵان لە پێش چەند باڵەخانەیەك لە شەقامی داوفین كە ئاهەنگەكانی سەری ساڵی تێدا بەڕێوەدەچوو گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس، ئاشكراشیكرد كە هێرشەكە لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە و هێشتا هۆكاری هێرشەكە نازانن و گومانلێكراوێكیش لەسەر رووداوەكە دەستگیركراوە.
هاوكات، لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشكی بۆ ئەو كەسانەی كە بەهۆی هێرشە چەكدارییەكەوە برینداربوون بەردەوامە.
لەلایەكی دیكەوە، لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ساڵی نوێ لە گۆڕەپانی تایمز لە نیویۆرك كەسێك هەوڵیدابوو بە قامەوە هێرش بكاتە سەر كارمەندێكی پۆلیس.
ئەفسەر لە بەشی پۆلیسی نیویۆرك، كیچانت سویل لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: “كەسێكی ١٩ ساڵان، بەبێ هەبوونی هیچ هاندانێك لە كارمەندێكی پۆلیس نزیكبووەتەوە و هەوڵی داوە بە قامە لە سەری بدات”.
سویل، ئاماژە بەوەش كرد كە هێرشبەرەكە لەدوای هەوڵی یەكەمیدا هەر لە شوێنی رووداوەكە ویستوویەتی لە دوو پۆلیسی دیكە بدات و رایگەیاند یەكێك لە پۆلیسەكان دەمانچەكەی دەركردووە و فیشەكێكی بە شانی هێرشبەرەكەوە ناوە و لەچالاكی خستووە.