مەترسی ماددە قڕکەرەکان ناوچەی بازیانی تەنیوە



ماددە قڕکەرەکان کێشەی زۆریان لە ناوچەی بازیان دروست کردووە، نە شارەزایی جوتیارانیش دۆخەکەی دژوارتر کردووە، لەکاتێکیشدا نازانرێت سەرچاوی ماددە قڕکەرەکان و ئەو وڵاتانەی لێوەی هێنراوە کوێن.

بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە چارەنووسی کشتوکاڵ و ڕەوشی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە ساڵانە لە بەرزبوونەوەدایە، ئاو، هەوا، خاک و ژینگەی ناوچەکەش دووچاری چەندین گرفت بووەتەوە.

عومەر جاف، جوتیار و خاوەنی خانووی پلاستیکی لە ناوچەی بازیان دەڵێت، بەرهەمی بازیان لە وەرزی پێگەیشتندا لە سەرجەم ناوچەکانی دیکە زیاترە و ڕەوانەی هەر ١٨ پارێزگاکەی عێراق دەکرێت، پێشتر خەیار لە دەرەوە هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا خەیاری بازیان بەناوبانگە لە عێراق.

لەبارەی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکانەوە بۆ کاری کشتوکاڵ باسی لەوەکرد، ئێمە لەژێر ڕێنمایی ئەندازیارە کشتوکاڵییەکان بەکاریدەهێنین، بەڵام زۆر جار بازرگانەکان جوتیار ناچاردەکەن کە ماددەی کیمیایی بەکاربهێنن بۆ زیادکردنی بەرهەم.

بازیان یەکێکە لە قەزاکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژئاوای شارەکە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٧٥ هەزار کەسە.

بەپێی داتاکانی ئیدارەی بازیان، ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی لە قەزاکە نزیکەی ٥٣ هەزار دۆنم زەوییە، لەو ڕووبەرەش ١٥ هەزار و ٩١٣ دۆنم زەوی دیمە، ٤٢ هەزار و٩١٥ دۆنم زەویشی  بەرئاوە.

لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٢٠ هەزار خانووی پلاستیکی لە سنووری قەزاکەدا هەن کە دەکاتە کۆی ٪٤٠ خانووە پلاستیکییەکانی هەرێمی کوردستان، چوار وەرزە بەرهەمی کشتوکآڵییان هەیە و پێداویستی ناوخۆ پڕدەکەنەوە، بەڵام وێڕای گرنگییەکەی لەلایەن حکومەتەوە پشتگوێخراوە، ژینگە و کشتوکاڵی ناوچەکەش لە مەترسیدایە.

بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکان بە ڕەهایی و نەشارەزایی لەلایەن جوتیارانەوە مەترسییەکانی چەند هێندە کردووە و ئەمەش نیگەرانی لای شارەزایان دروستکردووە، ئیلهام حەسەن، ئەندازیاری کشتوکاڵی لەوبارەیەوە دەڵێت، لە کاتی سەردانیکردن بۆ خانووە پلاستیکییەکانی بازیان بۆ دۆزینەوەی کێشەکان و بەکارهێنانی ماددەە قڕکەرەکان لەلایەن جوتیارانەوە، پرسیارم لێیان کرد دەربارەی جلوبەرگی تایبەت، بەکارهێنانی دەستکێش، ماسک عەینەک و پێداویستییەکانی سەلامەتی، بۆم دەرکەوت کە وەک پێویست هۆشیار نین.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەک ئەندازیارانی کشتوکاڵی لەکاتی سەردانیکردنی خانووە پلاستیکییەکاندا ڕێنمایی پێویست بە جوتیاران دەدەین و ئاگاداریان دەکەینەوە، بەڵام ئەوان گوێ ناگرن.

قڕکەرە کشتوکاڵییەکان بە واتای ماددەی بکوژ و لەناوبەر دێن، ئێستا لە تەواوی جیهان بووەتە باس و خواسی ناوەندە ئاکادیمییەکان، ساڵانە توێژینەوە لەبارەی مەترسییەکانییەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان مەترسییەکان ڕوو لە زیادبوونن، نە سەرچاوەی هاتنی ماددە قڕکەرەکان دیارە نە جوتیارانیش وەک پێویست هۆشیارن، بەڵام ئەوەی نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە بەرهەمی قاچاخ و نا یاساییە لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

 

د. ساڵح نەجیب، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ژینگە لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، کێشەی ماددە قڕکەرەکان زۆرن، ئەو سەرچاوەی یاخود ئەو وڵاتەی بەرهەمیهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئایا ئەو ماددانە لەژێر ڕێنمایی حکومەتدا هاتووە یاخود نا، هەروەها پێکهاتەی قڕکەرەکان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی ڕێنمای پێوسیت لەبارەی بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکان لەلایەن جوتیارانەوە، دڵنیابوونەوە لەوەی تا چەند هۆشیار و هۆشمەندن لە بەکارهێنانی ماددەکان، لە ئەندازەی بەکارهێنان، کات و شێوازەکەی، چونکە جوتیار هەیە لە یەک کاتدا ١٦ جۆر ماددەی بەکارهێناوە بێ ئەوەی زانیاری لەبارەی زیانەکانەوە هەبێت.

باسی لەوەشکرد، کاریگەرییەکانی ئەم ماددانە لەسەر زیندەوەر و ژینگە مەترسیدارە، هەتا جوتیار هەیە خۆی دووچاری شێرپەنجە بووە، بەڵام درکی بە مەترسییەکان نەکردووە، لەکاتێکدا ماددەی قڕکەر واتە ماددەی بکوژ.

ڕوونیشیکردەوە، جاری وا هەیە ماددەکان لەسەر میوە و بەرهەمەکان ماونەتەوە، کاتێک خەڵک لەناو بازاڕ دەیکڕن ئەگەر بە جوانی نەیشۆنەوە، ئەوا ماددەکان جارێکی دیکە زیان بە تەندروستی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.

وتیشی، ئەگەر بە دوای ڕەوشی تەندروستییدا بڕۆین لە هەرێمی کوردستان دەزانین، کە کەرتی تەندروستی لە پێگەی چارەسەردایە نەک بەدواداچوون، چونکە پیسبوونی ژینگە لەسەرچاوەی جیاوازە هۆکاری زیادبوونی نەخۆشییەکانە، کە یەکێکیان ماددە قڕکەرەکانە، تێکەڵ بە هەوا دەبێت و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە، دەچێتە سەر خاک و سەرچاوە ئاوییەکان پیس دەکات، لەسەر بەرهەمەکان دەمێنێتەوە بەکاربەرەکەش کارتێکراو دەبێت، وەک زنجیرەیەک هەموویان بەیەکەوە دەبن.

 

ئەردەڵان لەتیف، خاوەنی نوسینگەی کشتوکاڵی دەربارەی ماددەی قڕکەری قاچاخ و نایاسایی دەڵێت، بەرهەمی قاچاخ  لە ناوبازاڕدا هەیە و دەفرۆشرێت، بەڵام لیژنەکانی قائیماقمیەت زیاتر چاودێری دەکەن و ئێستا ڕێژەکەی کەمبووەتەوە بەراورد بە ڕابردوو.

لەبارەی هۆکاری کڕینی قڕکەرە زیانبەخشەکانەوە دەڵێت، ماددە زیانبەخشەکان ڕاستەوخۆ مێروو و زیندەوەرەکان دەکوژێت بە ماوەیەکی کەم، بۆیە جوتیار بەکاریدەهێنێت، بەڵام چەندین زیانی هەیە و دواتر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەم، بۆیە ئێستا بەراورد بە ڕابردوو، خەڵک لێی دوورکەوتووەتەوە هاتوونەتە سەر جۆرە باشەکەی.

 

دکتۆر محەمەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی هۆبەی کۆنترۆڵی شێرپەنجەی سلێمانی ڕایگەیاند، ساڵانە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، خۆراکیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون دادەنرێت، لە کاتێکدا ئەو بەرهەمانە بە هەندێک ماددەی کیمیایی پیسبووبن وەک قڕکەرە کشتوکاڵییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، شێرپەنجەی مەمک زۆرترین ڕیژەی تووشبوون بە شێرپەنجە پێکدەهێنێت، ساڵانە تەمەنی تووشبوون بەرەو تەمەنە گەنجەکان دەچێت، بەداخەوە تا ئێستا توێژینەوەی تایبەتمان نییە لەبواری ژینگە و تەندروستی، ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەش لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە.

 

کاروان خزڕ حەمەد، لێپرسراوی هۆبەی سەوزەی داپۆشراوی کشتوکاڵی سلێمانی کشتوکاڵ جەخت لە تەندروستبوونی بەرهەمی ناوخۆ دەکاتەوە و ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٠ هەزار خانووی پلاستیکیمان هەیە کە بەشی زۆری دەکەوێتە ناوچەی بازیان لە ڕێگەی لیژنەکانی قائیمقامییەتەوە هەوڵمانداوە کۆنترۆڵی بکەین چونکە نوێنەرمان لە لیژنەکەدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانی جوتیاران دەکەین و ڕێنماییان پێدەدەین و لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەندازیارانی کشتوکاڵیەوە هەوڵمانداوە کۆنترۆڵی نوسینگە کشتوکاڵییەکان بکەین، کە بەرهەمی نا یاسایی نەفرۆشن و لیستی ماددە قڕکەرە ڕێگەپێدراوەکانیان دراوەتێ، چونکە جوتیاران لە ڕێگەی نوسینگەکانەوە بەرهەمەکانیان دەست دەکەوێت.

جەختی لەوەشکردەوە، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە بەرهەمی ناوخۆ تەندروستە، بەو شێوە زەقە نییە کە باس دەکرێت، لەبارەی پیسبوون بە ماددە کیمییاییەکان.

بەرهەم تەیب، ئەندازیاری کشتوکاڵی نووسینگە دەڵێت، ئێمە بەرکەوتنمان لەگەڵ جوتیاران هەیە ڕۆژانە دێن و ماددە قڕکەرەکان دەکڕن، زۆربەی ماددەکان ئێستا لە ڕیگەی کۆمپانیاوە دەهێنرێن و کوالیتی باشیان هەیە و هەموو ڕێنماییەکانی لەسەرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جوتیارەکان دێنە نوسینگەکان و ڕێنماییەکان وەردەگرن و جێبەجێی دەکەن، چونکە ئێستا لە نووسینگەکان ئەندازیاری کشتوکاڵی لێیە و هۆشیاری و ڕێنمایی بە جوتیاران دەدەن، بۆیە ئێستا هۆشیاری زیاتریان هەیە.

 

تۆمەتبارێک کە ژنانی هەڵخەڵەتاندووە، دەستگیر کرا
پێت تۆمەتبارێک کە ژنانی هەڵخەڵەتاندووە، دەستگیر کرا
بارەگای سەرۆکایەتی کۆریای باشوور بە “زبڵ” کرایە ئامانج
دوات بارەگای سەرۆکایەتی کۆریای باشوور بە “زبڵ” کرایە ئامانج
پەیوەنیدر