کۆریای باکوور، بەردەوامە لە ناردنی زبڵ و خاشاک لە ڕێی باڵۆنەوە بۆ کۆریای باشوور، ئەمجارە بارەگای سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کرایە ئامانج.
بەرپرسانی ئەمنی کە تیمەکانی دەستێوەردانی کیمیایییان جێگیر کردووە، لە ناوجەکەدا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 24-7-2024 باڵۆنی بارکراو لە پاشماوەی زبڵ و خاشاک، کە لەلایەن کۆریای باکوورەوە نێردراوە، لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور لە سیئۆلی پایتەخت کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەمە یەکەمجارە کە بارەگای سەرۆکایەتی کۆریای باشوور لە ناوەڕاستی سیئۆل کە لە لایەن دەیان سەربازەوە پارێزراوە و لە ناوچەی دژە فڕیندایە، ڕاستەوخۆ بەر یەکێک لەو هەزاران باڵۆنە زبڵ و خاشاکە بکەوێت کە پیۆنگ یانگ لە سەرەتای مانگی ئایار وەک بەشێک لە شەڕی پڕوپاگەندەیی نێوان هەردوو وڵات دەستی داوەتێ.
دەزگای ئاسایشی سەرۆکایەتی کۆمار بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، “تیمی دەستێوەردان لە هێرشی کیمیایی و بایۆلۆجی و تیشکی بە شێوەیەکی سەلامەت باڵۆنەکانیان لابردووە کە بە پاشماوە بارکرابوون”.
دەزگای ئاسایشی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای لێکۆڵینەوە، ئەنجامەکان پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ مەترسی و پیسبوونێک لەئارادا نەبووە”.
سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باکوور هۆشداریی دا، لە وەجبەیەکی نوێی باڵۆنەکانی وڵاتەکەی، بۆ سیئۆل.
ئەمە وەجبەی دەیەمی باڵۆنەکانە کە کۆریای باکوور لەمساڵدا بەرەو کۆریای باشوور ڕەوانەی کردووە و پیۆنگ یانگیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەمە لە وەڵامی ناردنی ئەو باڵۆنانەن کە پەیامی پڕوپاگەندەییان هەڵگرتووە دژی وڵاتەکەیان.
بەوپێیەی ململانێی نێوانیان لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥٣ بە ئاگربەست کۆتایی هات نەک ڕێککەوتنی ئاشتی، هەردوو کۆریا هێشتا لە ڕووی تەکنیکییەوە لە شەڕدان.