شارەزایەكی كەشناسی وردەكاری دابەزینەوەی پلەكانی گەرما ڕووندەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، بارستە هەوایەكی فێنك و شەماڵ هەرێم دەگرێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سەڕەرای ئەوەی پلەکانی گەرما ئەمڕۆ سێ شەممە و سبەی چوار شەممەش بەبەرزی دەمێنەوە لەزۆربەی ناوچەکان ئەویش بەهۆی مانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی هاتووی باکوری ئەفریقی، بەڵام لەکۆتایی هەفتە و بەولاوە تا ناوەڕاستی هەفتەی تر بەهۆی کشانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی خەماسینی باکوری ئەفەریقیاوە و کاریگەری بارستە هەوایەکی لاوازی فێنکی باکوور لە تورکیاوە پلەکانی گەرما لەپێنج شەممەی ئەم هەفتەیەوە تا ناوەڕاستی هەفتەی تر بەڕێژەی 2 تا 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە لەسەرجەم ناوچەکان.
ڕاشیگەیاند، ئەگەر گۆڕانکاری گەورە ڕوونەدات و تێکنەچێ لە نزیک کۆتایی مانگ و بەتایبەتی لە 29 ی تەمموزی ئەم مانگە و بەولاوە و بۆ ماوەیەک بەهۆی هاتنە خوارەوەی تەوژمە هەوایەکی تری فێنک لەڕوسیاوە و کارتێکردنی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 تا 4 پلەی سیلیزی تر دادەبەزن.
ڕوونیشی كردەوە، ئەمەش وادەکات پلەکانی گەرما بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەئاستێکی خوار ئاسایی ساڵانە و تا ئاسایی ساڵانەی خۆیدا بێت و کەشێکی فێنکتر دێتە ئاراوە بەنسبەت دابەزینی ڕۆژانی دواتر.
وتیشی، “لەمڕۆ دوانیوەڕۆ و بەولاوە و بەتایبەت ڕۆژانی داهاتوو بای شەماڵ باڵادەست دەبێت بەخێرایی 15 تا 25 کم لە كاتژمێرێكدا”.