بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ماوەی مانگێكی بۆ قەرەبووی خوێندنی ساڵی ڕابردوو دیاری كرد، كە بەهۆی بایكۆتەوە چەند مانگێك دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن وەستا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە گشتاندنێكدا بڕیاری داوە بە دیاری كردنی مانگی ئاب (3/ 8 تاوەكو 31/ 8/ 2024) بۆ قەرەبوو كردنەوەی خوێندكاران، كە وەك پەروەردە دەڵێت: “ساڵێكی خوێندنی ئاسایی نەبووە و خوێندكاران وەك پێویست پڕۆگرامەكانی خوێندنیان پێ نەوتراوە”.
جەختیشی كردۆتەوە، بۆ قەرەبوو كردنەوەی بەشێك لەو پڕۆگرام و بابەتانە بڕیار درا، كە خولی بەهێزكردنی هاوینە لەسەر ئەركی وەزارەتی پەروەردە لەسنووری پەروەردەكان بكرێتەوە و هەفتانە 4 ڕۆژ وانە دەخوێندرێت و هەر ڕۆژەی 4 وانە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، خولی بەهێزكردنەكە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی (وانەكانی: كوردی و بیركاری و زانست لەگەڵ چالاكی هونەر و وەرزش) و پۆلی چوارەمی بنەڕەتی (وانەكانی: بیركاری و زانست و عەرەبی لەگەڵ چالاكی هونەر و وەرزش) و پۆلی حەوتەم (وانەكانی: بیركاری و زانست و ئینگلیزی لەگەڵ چالاكی هونەر و وەرزش) و پۆلی دەیەمی زانستی و وێژەیی.