بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی ڕێكاری نوێ‌ ڕاگەیەنرا



پارێزگاری هەولێر لەگەڵ یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگاكەی بۆ خێراكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران كۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئه‌وله‌وییه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌م و خودی سه‌رۆك وه‌زیران، گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ زه‌وییه‌كان و سوودمه‌ند بوونی هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانه‌.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێ شەممە 23-7-2024، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی جێگران و یاریدەدەری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەکان و کشتوکاڵی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری خانووبەرەی میری و نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکانیی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو.

پارێزگاری هه‌ولێر گرنگی بڕیاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیران تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ڕوونکردەوە، کە له‌ رۆژی 27.3.2024 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند و وتی، “كاریگه‌ری ئه‌م بڕیاره‌ی بۆسه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی گرفتی نیشته‌جێبوون و کەمکردنەوەی ڕێژه‌ی كرێچی له‌ ڕیزی فه‌رمانبه‌رانی ڕوونكرده‌وه‌ و ئه‌م بڕیاره‌ی به‌ هه‌نگاوێكی گرنگی وه‌سفكرد”.

ئومێد خۆشناو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد، ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به‌ كه‌مترین تێچوو و ڕۆتین ئه‌نجام بده‌ن و په‌له‌ له‌ ڕێككاره‌ ئیداری و هونه‌رییه‌كان بكه‌ن.

ئەوەشیخستەڕوو، لە كاتی دیاریكردنی شوێنی زه‌وییه‌كان، پرسی ماسته‌رپلان و نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی شاری هه‌ولێر ڕەچاوکراوە و وتیشی، “ئه‌م هه‌نگاوه‌ سوود به‌ فراوانبوونی شاری هه‌ولێر ده‌گه‌یه‌نێت”.

بابه‌تی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی به‌و زه‌وییانه‌ و زه‌وییه‌كانی دیكه‌ی شاری هه‌ولێر ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، له‌مڕوه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، ئه‌وله‌وییه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خوودی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیران، گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ زه‌وییه‌كان و سوودمه‌ندبوونی هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانه‌ و له‌مڕووه‌ هه‌نگاوی جددی نراوه‌.

گارە و مەتین لە چاوەڕوانی پەلاماری تورکدا
پێت گارە و مەتین لە چاوەڕوانی پەلاماری تورکدا
خۆت لە شێرپەنجە بەدوور بگرە
دوات خۆت لە شێرپەنجە بەدوور بگرە
پەیوەنیدر