پەرلەمانی عێراق گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و لەشکرکێشیی ئەو وڵاتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات و داواش لە سەرۆك وەزیرانی عێراق کراوە، بەشێوازی دیپلۆماسی پرسەکە چارەسەربکات.
فاتن قەرەغۆلی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی ڕاگەیاندووە، لەماوەی پێشوودا سەردانی فڕۆکەخانەی سلێمانییان کردووە و لەبارەی گەمارۆی سەر ئەو فڕۆکەخانەیە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە.
وتیشی، “گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و داوایان لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بەشێوازی دیپلۆماسی پرسەکە چارەسەربکات”.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد شمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، لە دانیشتنەکانی ئایندەدا پەرلەمان گفتوگۆی جددی لەبارەی لەشکرکێشیی تورکیاوە دەکات بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک.
ڕاشیگەیاندووە، “بۆ ئەوە تەنیا بە دانیشتنێکەوە ناوەستن، بەڵکو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەم وەرزەی یاساداناندا هەڵوێستێکی ڕوون لەمبارەوە وەردەگرێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق دوای سەردانەكەیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەڕاگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی، بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوە و بارگرانی زۆریشی بۆ هاووڵاتیان و ئابووری سلێمانی دروستکردوە.
ئاشكراشی كردووە، لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیە و ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسیە.