“پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزای پێنجوێن نەگەیشتووەتە ٪٢”



زانا ڕەحمان دەستی لە پۆستی قائیمقامی قەزای پێنجوێن کێشایەوە و ڕەتیکردەوە کە خۆی بۆ پەرلەمان کاندید بکات یاخود کاری سیاسی بکات، لەبارەی نۆ ساڵ خزمەتکردنی قەزاکەوە دەڵێت، “ویژدانم ئاسوودەیە”.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێشووی قەزای پێنجوێن پاش نزیکەی ١٠ ساڵ زیاتر لە خزمەتکردنی قەزاکە لەسەر خواستی خۆی دەستی لەکارکێشایەوە، ڕۆژی ٢١ی تەمموز ٢٠٢٤ لە مەراسیمێکی ماڵئاواییدا کۆتاییهاتنی بە پۆستەکەی وەک قائیمقام ڕاگەیاند، هاوکات ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتکرا و هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز وەک قائیمقامی نوێی پێنجوێن دەستبەکاربوو.

قەزای پێنجوێن دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی بە شادەماری بازرگانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و عێراق، وێڕای گرنگی و پێگەی بازرگانی ئەم قەزایە، هەبوونی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ کە بە دەروازەیەکی سەرەکی جموجۆڵە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت، بەڵام خەڵکی پێنجوێن بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنن.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێشووی قەزای پێنجوێن لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی خەڵک سەبارەت بە نۆ ساڵ زیاتر خزمەتکردنی وەک قائیمقام دەڵێت، “لە پیشەکەمدا سنوورەکانی خوای گەورەم نەبەزاندووە، هەموو پێوەرەکانم بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان بووە”.

 

خەڵک: کەی بوو وەک قائیمقامی قەزای پێنجوێن دەستبەکاربوویت؟ و بە پۆستەکەت دڵخۆشبوویت؟

زانا ڕەحمان: ڕۆژی ١٠ی ئایار ٢٠١٥ وەک قائیمقام دەستبەکاربووم کە گەنجترین کەس بووم کە پۆستێکی کارگێڕی لەم شێوەیە وەربگرم، ڕاستگۆیانە دەڵێم ئەو کاتە و ئێستاش هەستی دڵخۆشبوونم بە پۆستەکەم هیچ کات نەبووە، دڵخۆشی من بەوە بوو کە خوای گەورە منی کردووە بە هۆکارێکی خێر بۆ خزمەتکردنی خەڵک، هیچ کات پلە و پۆستەکەمم بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆم بەکارنەهێناوە، هەر لە ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکەمەوە تا بودجە و داهات، لەم ماوەیەدا تەنها مووچەکەمم هەبووە.

 

 

خەڵک: هۆکاری سۆز و وەفاداری خەڵکی پێنجوێن و خۆشەویستییان بۆت چییە؟

زانا ڕەحمان: هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ فەزلی خوای گەورە کە لەم ماوەیەدا بووینەتە دەرگایەکی خێر بۆ خەڵکەکە، خوا ئاگای لە دڵمە کە هیچ نیگەران نەبووم بە دەستلەکارکێشانەوەم لە پۆستەکەم، چونکە دەزانم لەم ٩ ساڵەدا چیم چاندووە و بەرهەمەکەشی چی دەبێت، ئەوەی کە لە دوای ١٠ ساڵ لە ڕووم دێت بچمە ناو بازاڕ، مزگەوت، کۆڵان و گوندەکانی پێنجوێن ئەوە گەورەترین شانازییە بۆ من.

سۆز و خۆشەویستی خەڵکەکە بۆ من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە هەمیشە وەک خەڵکەکەم ژیام و بەردەوام لەگەڵیان بووم و قەت پشتم لێنەکردوون، عیزەت و کەرامەتی خەڵکی پێنجوێن بە عیزەتی خۆم و خێزانەکەم دەزانم، لەگەڵ خەڵکی قەزاکەم هاودەردبووین لە کاتی سەرما و بێ کارەباییدا هەمووان پێکەوە بووین، هاوکات یەک ئاڕاستە بووین، پێکەوە حەزماندەکرد پێنجوێن پێشبخەین.

 

خەڵک: لە ماوەی ئەم ٩ ساڵەدا چ ڕووداوێک هەبووە کە نیگەرانی کردبیت؟

زانا ڕەحمان: لە کاتی ئەنجامدانی یەکێک لە خۆپیشاندانەکان پێشمەرگەیەک شەهید بوو، کە بەڕاستی لە ناخەوە ناڕەحەتی کردم، هەر چەندە وەک قائیمقامیەت و خەڵکی دڵسۆزی قەزاکە زۆر ڕێگریمان کرد لە ئەنجامدانی، بەڵام بەداخەوە کە ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی لێکەوتەوە کە هیچ کات لەبیرم ناچیتەوە.

 

خەڵک: لە ماوەی ٩ ساڵ زیاتردا چ پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی بۆ قەزاکە ئەنجامدراوە؟

زانا ڕەحمان: لەم ماوەیەدا لە ڕووی مادییەوە پڕۆژەیەکی دیار نەبووە کە ئەنجامبدرێت وەک دوو سایدکردنی ڕێگای گوندەکان کە پێنجوێن پێویستیەتی، بەڵام لە ڕووی مەعنەوەییەوە بەردەوام پاڵپشتی خەڵکەکەم بووم.

زۆرجار سەرووی خۆم بێتاقەت بوون بەدەست ڕەفتارەکانمەوە کە بەردەوام پشتگیری خەڵکەکەمم کردووە، چونکە خۆمم بە بەرپرسیان زانیوە، لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا ئێمە لە دەرگای پارێزگار، وەزیر، جێگری سەرۆکی حکومەت و کاربەدەستەکانمان داوە، ئەوان هەمیشە بە دوو دێڕ وتویانە قەیرانی داراییە، حکومەتی عێراقی بودجە نانێرێت، ئەگەر قەیرانەکان کۆتایی هات، ئەو کاتە دەتوانین بودجە دابینبکەین.

لە پێشتریشدا هەر پڕۆژەیەک کە لە پێنجوێندا ئەنجامدراوە لەسەر بودجەیەک بووە کە پێی دەوترێت “بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان” کە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دابیندەکرا، بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە بووەتە هۆی زیاتربوونی قەیرانەکان، کە پارە نەبێت پڕۆژەکانیش جێبەجێناکرێن، هەر بۆیە لەم ماوەیەدا تەنها ئیشە ڕۆژانەکان جێبەجێکراون.

٥ بۆ ٦ سآڵ پێش ئێستا بازاڕی کڕین و فرۆشتنمان هێنایە پێنجوێن، کە جوتیارەکان هاتن کەپریان دانا بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان و ئێمەش پشتگیریمان کردن، لەبری ئەوەی بەرهەمەکان ببرێنە شار و شارۆچکەکان بۆ فرۆشتن، کڕیار لە شارەکانی دیکەوە دەهاتنە پێنجوێن و بەرهەمەکانیان دەکڕی.

هاوکات لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێم بە مەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارەکانمان، کار کرا بۆ ڕێگری کردن لە هاوردەکردنی بەرهەم لە دەرەوە.

هاوکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاندنی نەمام نزیکەی ١٠٠٠ دارتوومان چاندووە،  پڕۆژەی پێنجوێن شاری فێربوون-مان پەرەپێداوە کە بەردەوام شانازی پێوەدەکەم.

لەگەڵ ئەوەشدا پێنجوێن ناوچەی جەنگی بووە و سێ جار تەختی زەوی کراوە و وەک قەزاکانی دیکە نییە، ئەمەش وایکردووە زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزاری بێت، بەڵام لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ٪٢ ش نەبووە.

 

خەڵک: چ پڕۆژەیەک هەیە کە حەز بکەیت لە دوای تۆ ئەنجامبدرێت؟

زانا ڕەحمان: ڕێگای گوندەکان بەتایبەتی پێنجوێن-کەوڵۆس، پێنجوێن-گەرمک هەمیشە حەزم کردووە چاک بکرێت، چونکە لەگەڵ هەموو ڕووداوێکی هاتووچۆدا دڵم داچڵەکیوە، کە دەبێت بەرپرسی من لەو ڕووداوەدا چەند بێت، کاتێک کەسێک زەرەری پێگەیشتووە یاخود گیانی لەدەستداوە.

چاککردنی ڕیگاکان کارئاسانی بۆ خەڵک دەکات، وادەکات بەرهەمەکانیان زووتر بە بازاڕ بکرێت و گەشتیاری زیاتر ڕوومان تێبکەن، هەر بۆیە هیوادارم لە دوای خۆم کاک هێمن بتوانێت ڕۆڵی گەورە ببینێت.

 

 

 

 

 

 

 

 22  هەلی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست ڕاگەیەنرا
پێت  22  هەلی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست ڕاگەیەنرا
ڕووسیا 25 درۆنی ئۆکراینای خستەخوارەوە
دوات ڕووسیا 25 درۆنی ئۆکراینای خستەخوارەوە
پەیوەندیدار