حەبی خەو و کاریگەرییە خراپەکانی



حەبی خەوتن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەندروستی هەیە و چەندین کاریگەری لاوەکی دروست دەکات لە ڕێگەی ئەم ڕاپۆرتەوە دەتوانیت زانیاری لەسەر ئەم نیشانانە و گرنگترین مەترسییە ئەگەرییەکان بزانین.

زۆر کەس تووشی کەمخەوی دەبن، ئەمەش بە یەکێک لەو شتە بێزارکەرانە دادەنرێت، کە کاریگەری لەسەر خەوی شەوانە هەیە و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی و چالاکییەکانی ڕۆژانە دەبێت، لەم حاڵەتەدا ڕەنگە هەندێک پەنا بۆ حەبی خەوتن ببەن، کە بە چارەسەرێکی خێرا دادەنرێت بۆ ڕزگاربوون لە کەمخەوی.

بەڵام ئایا دەزانی ئەم حەبانە لە پشت ئەو کاریگەرییەی بۆ خەو هەیەتی، ڕەنگە هەندێک مەترسی و کاریگەری لاوەکی بشارنەوە کە کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی هەیە؟، لەم ڕاپۆرتەی خوارەوەدا پێداچوونەوە بە گرنگترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی حەبی خەوتن دەکەین.

کاریگەری لاوەکی حەبی خەوتن:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەری (میدیکاڵ تودەی نیوز) بڵاویکردۆتەوە، چەندین نیشانە لەو کەسانەدا  دەردەکەون کە حەبی خەو بەکاردەهێنن، کە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترسی بۆ تەندروستی، لە نیشانە گرنگەکانیش بریتین لە:

  • هەستکردن بە سووتانەوە یان خوران لە بەشێک لە گۆشەکانی لەشدا
  • نەمانی ئارەزووی خواردن و گۆڕانی ئارەزوو بۆ خواردن
  • قەبزی ناڕێک یان سکچوون
  • نەمانی هاوسەنگی و سەرگێژخواردن
  • خەواڵووبوون بە ڕۆژ
  • وشکبوونەوەی دەم و قوڕگ
  • دروستبوونی غازات و سەرئێشە
  • دڵەکزێ
  • بیر کۆڵی
  • نەمانی توانای سەرنجدانی ورد و یادەوەری
  • ئازاری گەدە یان ئاوسانی گەدە
  • لەرزینی خۆنەویست لە بەشێک لە جەستەدا
  • خەونی ناخۆش
  • لاوازی گشتی.
  • تووشبوون بە هەندێک دۆخی نەخوازراو لە خەودا وەک ڕۆشتن بەدەم خەوەوە.

لێرەدا چەند مەترسییەکی باوی ئەو حەبانە دەخەینە ڕوو:

مەترسییەکانی حەبی خەوتن:

1: خواردنی حەبی خەوتن لەوانەیە ببێتە هۆی ئالوودەبوون و ئەمەش وا دەکات وردە وردە ژەمە دەرمانەکە زیاد بکەیت بۆ ئەوەی هەمان کاریگەری لەسەر خەوەکەت هەبێت، ئەمەش مەترسی گەورە بۆ تەندروستی لێدەکەوێتەوە.

2:لەوانەیە حەبی خەو کارلێک لەگەڵ ئەو دەرمانانەی تردا بکات کە دەیخۆیت، ئەمەش کاریگەری لاوەکی مەترسیدار یان تەنانەت مردنی لێدەکەوێتەوە.

3:ڕەنگە حەبی خەوتن ئەگەری کەوتن زیاد بکات بەتایبەت لە کەسانی بەساڵاچوودا کە ڕەنگە ببێتە هۆی برینداربوون یان شکاوی سەخت.

4:مەترسی توشبوون بە ڕووداو بەتایبەت لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل یان کارپێکردنی ئامێرەکان، بەهۆی هەستکردن بە خەواڵوویی یان سەرگێژخواردن.

کەی پێویستە واز لە خواردنی حەبی خەوتن بهێنیت:

  • ئەگەر هەستت بە کاریگەری لاوەکی جددی کرد وەکو خەوتن یان خەون بینینی زۆر، پێویستە دەستبەجێ واز لە خواردنی حەبی خەو بێنیت و ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت.
  • ئەگەر نیشانەکانی کەمخەویت باشتر نەبوو دوای خواردنی حەبی خەو بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە، ئەوا واز لە خواردنی بێنە و ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە.
  • لەکاتی خواردنی دەرمانی تردا پێویستە واز لە خواردنی حەبی خەو بێنی تا لەگەڵ پزیشکەکەت قسە لەسەر مەترسییەکانی کارلێکی دەرمانەکان دەکەیت.
  • ئەگەر دووگیان بوویت یان شیر بە منداڵ دەدەیت، پێویستە واز لە خواردنی حەبی خەو بێنیت و لەگەڵ پزیشکەکەت ڕاوێژ بکەیت دەربارەی مەترسییەکانی خواردنی حەبی خەو.

لەبری حەبی خەو چی بەکاربهێنین:

گۆڕینی شێوازی ژیانی ڕۆژانەت دەتوانێت یارمەتیت بدات بە شێوەیەکی سروشتی و باش بخەویت بەبێ ئەوەی حەبی خەو بەکاربهێنیت.

پێگەی WebMd چەند ڕێگایەکی بڵاوکردۆتەوە کە بریتین لە:

  • ڕێجیمێکی دەوڵەمەند بە میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو ڕەنگە یارمەتیت بدات باشتر بخەویت.
  • وەرزشکردن بە بەردەوامی ڕەنگە یارمەتیت بدات باشتر بخەویت، بەڵام ڕاستەوخۆ پێش خەوتن دوور بکەوەرەوە لە وەرزشکردن.
  • بەکارهێنانی چەند تەکنیکێک وەک یۆگا یان مێدیتەیشن لەوانەیە یارمەتیت بدات باشتر بخەویت.
  • پەنابردن بۆ چارەسەری دەروونی بۆ کەمخەوی بۆ دەستنیشانکردن و گۆڕینی ئەو بیرکردنەوە و ڕەفتارانەی کە ڕێگریت لێدەکەن لە خەوتن.
  • هەموو ڕۆژێک لە یەک کاتدا بخەوە و لە خەو هەستە، تەنانەت لە ڕۆژە پشووەکانیشدا، ئەمەش کاتژمێری بایۆلۆجی لەش ڕێکدەخات.
  • دروستکردنی ژینگەیەکی تاریک و بێدەنگ و فێنک بۆ خەوتن. پلەی گەرمی ژوورەکە باشترە لە نێوان ١٨ بۆ ٢٢ پلەی سەدی بێت.
  • دوورکەوتنەوە لە کافاین و کحول و نیکۆتین پێش خەوتن. ئەم ماددانە دەتوانن بۆ چەند کاتژمێرێک لە جەستەدا بمێننەوە و کاریگەرییان لەسەر خەوتن هەبێت.

گیای جێگرەوە بۆ حەبی خەوتن:

زۆرێک لە گیاکان تایبەتمەندی ئارامکەرەوەیان هەیە کە یارمەتیدەرن بۆ ئیسراحەت و خەوتن، لەوانە ئەمانەی خوارەوە، وەک لە ماڵپەڕی Health Line ئاماژەی پێکراوە:

بابۆنی:

بابۆنی بە تایبەتمەندی هێورکەرەوە ناسراوە و کاریگەری دژە هەوکردنی هەیە باشترە 30 خولەک پێش خەوتن چای بابۆنی بخۆیتەوە بۆ ئەوەی خەوێکی ئارام و ئاسودە بەدەستبهێنیت.

لاڤاندەر:

لاڤاندەر بۆنێکی ئارامکەرەوەی هەیە کە یارمەتیدەرە بۆ ئیسراحەت و خەوتن دەتوانرێت لاڤاندەر وەک زەیتی سروشتی بەکاربهێنرێت یان هەندێک گوڵی لاڤاندەر بخەیتە ناو گەرماوەکەت یان ژورەکەت پێش خەوتن.

ڤالێریان:

ڤالێریان وەک جێگرەوەیەک بۆ حەبی خەو بەکاردێت بەو پێیەی ترشی ڤالێریانیکی تێدایە کە کاریگەری هێورکەرەوەی هەیە لەسەر کۆئەندامی دەماری ناوەندی، هەروەها ڤالێرینۆساید کە تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە دڵەڕاوکێی هەیە، جگە لە لینالۆڵ کە هێورکەرەوەیە.

تەواوکەرە خۆراکیەکان بۆ ڕێکخستنی خەو:

هەندێک لە تەواوکەرە خۆراکیەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە ڕێکخستنی خەو و باشترکردنی کوالیتی، بەپێی ئەوەی گۆڤاری دامەزراوەی نیشتمانی خەو ئاماژەی پێکردووە، گرنگترینیان بریتین لە:

مەگنیسیۆم یارمەتی ڕێکخستنی ئاستی میلاتۆنین دەدات کە هۆرمۆنێکە خەوتن ڕێکدەخات، واباشە پێش خەوتن ٣٠٠-٤٠٠ میلیگرام بخورێت.

گلیسین یەکێکە لە ترشە ئەمینییەکان کە کاریگەری هێورکەرەوەی هەیە و دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی بە باشی بخەویت بۆیە باشترە پێش خەوتن 3 گرام بخورێت یان بەپێی ئەو بڕە کە پزیشکەکەت دیاری دەکات.

تەواوکەری L-theanine کە ترشێکی ئەمینییە لە چای سەوزدا هەیە، کاریگەری هێورکەرەوەی هەیە و دەتوانێت خەوتن بەرەوپێش ببات باشترە پێش خەوتن 200 میلیگرام بخورێت.

میلاتۆنین تەواوکەرێکی خۆراکییە و یارمەتی ڕێکخستنی خەو دەدات دەتوانرێت وەک تەواوکەری خۆراکی بخورێت، وە باشتر وایە پێش خەوتن بیخۆیت.

پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
پێت پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
مامۆستایانی كەركوك داوای فۆڕمی پێدانی زەوی دەكەن
دوات مامۆستایانی كەركوك داوای فۆڕمی پێدانی زەوی دەكەن
پەیوەندیدار