بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ هیچ لایەنێک هەبێت سەبارەت بە دانانی پارێزگاری کەرکووک.
محەممەد كەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووک دەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەن کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک و بە دڵی هەموو لایەک بێت.
وتیشی: پارتی داوای لە یەکێتیی کردووە چەند ناوێک پێشکەش بکەن، پارتیش چەند ناوێک پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی هەردوولایان گفتوگۆ بکەن لەسەر دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی پاریزگاری کەرکووک، بەڵام تا ئێستە یەکێتیی ناوەکانی ئامادە نەکردووە.
هیواشی خواست لە ماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا هەموو لایەک لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کە کورد بێت و خەڵکی کەرکووک بێت.
محەمەد کەمال لەبارەی ڕێککەوتنی شاراوە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕایگەیاند: “پارتی بە دزییەوە کار ناکات و ژێربەژێریش کار ناکات، پارتی هەمیشە بە ئاشکرا کاری کردووە باشترین بەڵگەش ڕیفراندۆمە، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک”.
هاوکات وتیشی: تا ئێستا ڕێککەوتنێکی ئیمزاکراو نییە لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام ئەوەی کە هەیە گفتوگۆکان بەردەوامە بۆ ئەم مەبەستە.