سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ کڕینی ئاردی سفر، کە لەلایەن ئاشە ئەهلییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت.
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی پێشوازیکرد لە ژمارەیەک خاوەن کارگە تایبەتەکان، کە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفری دانەوێڵە کردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سودانی ستایشی خاوەن ئاشەكانی کردووە، کە بەشداری دەکەن لە دەستەبەرکردنی ئەم ماددە گرنگە لە ئاستی ناوخۆییدا بە مەبەستی بەدەستهێنانی خۆبژێوی، هەروەها یارمەتیدەر دەبن لە دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.
سودانی، وەزارەتی بازرگانی و سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، کە ئاردی سفر لە ئاشەكانی عێراق بکڕن لە چوارچێوەی تایبەتمەندییە ستانداردەکان و نرخە باوەکاندا و جەختیشی كردەوە، “هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم کارکردنی خاوەن ئاشەكان لاببرێن، بەمەبەستی دروستکردنی کێبڕکێی دادپەروەرانە لە نێوان بەرهەمە ناوخۆیی و هاوردەکراوەکان و دەرکردنی بڕیاری تایبەت بۆ پاراستنی بەرهەمەکەیان ئەگەر نیوەی پێویستی بازاڕ بۆ ئاردی سفر دابین بکەن”.
سودانی دووپاتی کردەوە، کە سەرجەم ئەو داواکاریانەی لەلایەن خاوەن ئاشەكانەوە پێشکەش کراون و کێشەکانی پەیوەست بە کارەکانیان، لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێنەڕوو بە مەبەستی وەرگرتنی بڕیاری پێویست سەبارەت بەوانە، لە جێبەجێکردنی ڕێبازی حکومەت بۆ ئاسانکاریکردنی پێداویستییەکان بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆراک و پشتگیریکردنی بەرهەم و پیشەسازی نیشتمانی.