ئەمڕۆ شەممە 20ی تەمموزی 2024، سەدان مووچەخۆری فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق لەبەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوزی بەغدا گردبوونەوە و داوای هەمواری یاسای پلەبەندی مووچەیان كرد و هۆشداری لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەدەن.
فەرمانبەران لە خۆپیشاندانەكەدا داوا لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق دەكەن هەمواری یاسای پلەبەندی مووچە بكەن و ئەو جیاوازی مووچەیەی لەنێوان چینەكانی فەرمانبەران و بەتایبەت وەزارەتەكان هەیە چارەسەری بكەن.
فەرمانبەران دەڵێن: یەكسانی نییە لەنێوان فەرمانبەران، چونكە فەرمانبەرانی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان و سێ سەرۆكایەتییەكە بڕی مووچەی 3 ملیۆن دینار وەردەگرن بەڵام فەرمانبەران لە هەمان پلەدا لە وەزارەت و فەرمانگەكان تەنها 500 هەزار دینار وەردەگرن.
ویسام ئەحمەد، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە مێدیاکارانی عێراقی ڕاگەیاندووە، گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕینەکانی ئەمڕۆیان بەهۆی ئەو نادادپەروەریی و جیاوازەییەیە لە نێوان مووچەی مووچەخۆرانی دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە.
وتیشی: داوا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین پێوەر و پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران هەموار بکەنەوە و هاوتا بکرێن، چونکە فەرمانبەرێکی ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمان و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی دیکە مانگانە مووچەکەی سێ ملیۆن دینار، کەچی فەرمانبەرێک بە هەمان بڕوانامە پلەوە لە وەزارەتەکانی دیکە مووچەکەی تەنیا 500 هەزار دینارە.
لای خۆیەوە، ڕائید مالکی، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: ئەنجوومەنی وەزیران كەمتەرخەمە لە هەموارنەکردنی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتی گشتیی و داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد یاسای ئەنجوومەنی خزمەتی مەدەنی فیدراڵی بنێرێت بۆ پەرلەمان تاوەكو هەموار بكرێتەوە.
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی باڵای لە ئەمیندارێتی گشتی و وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێكهێناوە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای پلەبەندی مووچە بە مەبەستی زیادكردنی مووچە كەمەكان و دروستكردنی جۆرێك لە دادپەروەری لە مووچەی نێوان وەزارەتەكان، بەڵام تا ئێستا هەموارەكە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند نەكراوە تاوەكو ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت.