دوای ١٢ ساڵ خوێندن…



کارۆ کاوە – نووسەر

سڵاو هاوڕێیان، ناوم لە كۆلێژی یاسا گەڕاوەتەوە، بەشێك چۆنە؟ داهاتووی چۆنە؟ داوای یاسایی چییە؟ ئەی كۆلێژی یاسا چییە؟

ئەمە پۆستی زۆرینەی وەرگیراوانی ساڵی ڕابردووی كۆلێژەكانی یاسا بوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئێستاش کە نمرەی خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ٢٠٢٣- ٢٠٢٤ هاتووەتەوە، ماوەیەکی دیکە هەمووان بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان بەدوای زانیاریدا دەگەڕێن و پرسیاردەکەن، ئاخۆ چ بەشێک وەریان دەگرێت؟ ئەمە چ سیستەمێكی پەروەردەیە، کە فێرخواز دوای ١٢ ساڵ خوێندن هێشتا نازانێت داهاتوو و ویستی خۆی لە كوێدایە؟

عەبدولڕەزاق سەنهوری كاتێك دەچێتە كۆلێژی ماف لە ١٩١٣، بڕیاردەدات جێ پەنجەی خۆی لە بواری یاسادا بە جێبهێڵێت، ئەمە لە كاتێكدا بوو، كە جگە لە فیقهی ئیسلامی و زانست و فیقهی یاسای فەڕەنسی هیچ بابەتێكی دیكە لە كۆلێژی ماف لە میسردا نەدەخوێندرا، بەڵام سەنهوری بوو بەو كەسەی توانی یاسای مەدەنی چەندین وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی بنوسێتەوە، لە سەرووی هەموویانەوە یاسای مەدەنی عێراقی ١٩٥١.

سەنهوری توانی بەهۆی زانستەوە جیهانبینی دروستبكات، پێچەوانەی ئەو ڕەوتە كاریدەكرد، کە ئێستا زانكۆكانی هەرێم بە گشتی و كۆلێژەكانی یاسا شانازی پێوەدەكەن، ئەویش بریتییە لە كورتكردنەوەی ئامانجی كۆلێژ لە دروستكردنی پسپۆڕ، لە كاتێكدا پسپۆر دەكرێت پسپۆری بوارەكەی خۆیبێت و لەسەر ئاستی گشتی ژیانیشدا گەمژەبێت، چونكە جەوهەری زانست لە پسپۆڕیدا نییە، بەڵكو پەیوەندی بە فەلسەفە و سیاسەت و ئەخلاق و فكر و ئابوورییەوە هەیە.

زانست بەبێ ئەو كایانە تەنیا كۆمەڵێك زانیاری بێسوودە، كە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر بوونی كۆمەڵایەتی و سیاسی مرۆڤەكان نییە، وەك بەختیار عەلی دەڵێت “زانست بریتیتە لە ئیشكردن لەسەر جیهانبینی، لەسەر تێڕوانینی گشتیمان بۆ گەردوون و مرۆڤ و كۆمەڵگا، هەر كات ئەو كاریگەرییانە نەبوون، وەك ئەوە وایە زانست بووبێت بە كارخانەیەك بۆ بەرهەمهێنانی فەرمانبەری گەمژە”

هەر لەسەر ئەم پرسە بەختیار عەلی خوێندنەوەیەكی دیكەی هەیە “ئەو دواكەوتنە عەقڵییەی كۆمەڵگای ئێمە تیادەژی، بڕێكی زۆری لە ئەستۆی ئەو كادیرە تاك ڕەهەندانەیە كە سیستەمی پەروەردە بەرهەمیهێناون، ئەو پسپۆڕانەی لە بواری خۆیان بەولاوە هیچی دی نازانن، دەبن بە ترسناكترین بەرهەمهێنەری جەهل، ئەم كادیرانە دەبنە خزمەتكاری نەزانین لە بوارەكانی مەعریفەدا، نەوەك خزمەتكاری مەعریفە لەسەر زەمینی نەزانیندا”

ئەوەی تا ئەمڕۆ لە زانكۆكان وەك ژێرخانی ئەكادیمی دەخوێندرێت، نابێتە ژێرخانێكی تیۆری بۆ داڕشتنی زانستێكی تایبەت بە كێشەكانی مرۆڤی كورد، لە زانكۆكاندا بیرۆكەكان دەناسرێن و زانیارییەكان كۆدەكرێنەوە، بەڵام كایەكان تەنیا كاتێك دروستدەبن كە توانای تیۆریزەكردن بەو چەمكە ئەكادیمیانە دروستبووبێت.

ژمارەی دەرچووانی زانكۆكان لە لای ئێمە لە گەورەكردنی ڕووبەری دۆزینەوەدا ڕەنگی نەداوەتەوە، تائێستا زانكۆكان هێندەی فەرمانبەر و مووچەخۆر دروستدەكات، كایەی فەرهەنگی و زانستی دروستناكات.

دۆخی سیستمی پەروەردە و خوێندن لەم وڵاتەدا هەرچۆنێک بێت، بەڵام هێشتا دەبێت خوێندکار بەو سەرچاوەی زانیاریانەی لەبەردەستیایەتی هێندە بەدوای زانیاریدا بگەرێت، کە بڕیاربدات دەیەوێت ببێتە فەرمانبەر و مووچەخۆر یاخود ببێتە پسپۆڕ؟

شاندێکی هەرێم بۆ مووچە دەچنەوە بەغدا
پێت شاندێکی هەرێم بۆ مووچە دەچنەوە بەغدا
کێ براوەی ئەم جەنگەیە؟
دوات کێ براوەی ئەم جەنگەیە؟
پەیوەنیدر