“تاعونی مریشک” لە وڵاتێکدا بڵاوبووەتەوە و هۆشداری دەدرێت



تاعونی مریشک لە وڵاتی بەڕازیل بڵاوبووەتەوە، لە عێراق هۆشداری لە هاوردەکردنی مریشک دەدرێت.

وڵاتی بەرازیل دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە پەلەوەرەکان تووشی “نەخۆشی نیوکاسڵ” یان “تاعونی مریشک” بوون، هەناردەکردنی مریشکی وەستاند، لەکاتێکدا سعودیە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی لە وڵاتەکەوە ڕاگەیاند.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی پرۆتینی ئاژەڵی بەرازیل ڕایگەیاندووە، کە وەزارەتی کشتوکاڵ دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتێکی نەخۆشی نیوکاسڵ، هەناردەکردنی پەلەوەری بۆ هەندێک وڵات ڕاگرت، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدەن.

تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار باڵندە لە کێڵگەیەکی بچووکدا مرداربوونەتەوە، کە نەخۆشییەکە تێیدا دۆزراوەتەوە.

ڕێکخراوی جیهانی بۆ تەندروستی ئاژەڵان ڕوونیدەکاتەوە، ئەم نەخۆشییە بەزۆری تووشی باڵندە دەبێت، بەڵام ڕەنگە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە، بەو پێیەی تووشبوونی مرۆڤ بەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی هەوکردنی پێڵوی چاو، کە بەزۆری نیشانەی سوکی لەگەڵدایە، کە کەسی تووشبوو دەتوانێت بەخێرایی و بەبێ چاودێری ته‌ندروستی لێیەوە چاکببێتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی کلینیکی مایۆ، هەوکردنی پێڵوی چاو کاریگەری لەسەر “پەردەی پێڵو و تۆپی چاو” دەبێت، بەجۆرێک کە بۆرییە بچووکەکانی خوێن دەئاوسێن، هەر بۆیە ڕەنگە سپییەکانی چاو سوور یان پەمەیی دەردەکەون، هەر بۆیەش پێی دەوترێت “چاوی پەمەیی”.

لەکاتی توشبوون بەم هەوکردنە، کەسەکە ئامۆژگاری دەکرێت، کە دەست لە چاوەکان نەدات، لەگەڵ ئەوەشدا دەستەکانی بشوات، خاولی دەموچاو لەگەڵ کەسانی تردا هاوبەش نەکات، هەروەها بە بەردەوامی جێگەی خەو بگۆڕیت.

هاوردەکردنی مریشکی بەڕازیلی بۆ عێراق لە ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد بە ساڵی 2022 نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە، بەو پێیەی عێراق نزیکەی 138 هەزار تۆن هاوردە کردووە بە بەراورد بە ساڵی 2022 نزیکەی 60 هەزار تۆن.

هۆشداری پزیشکی سەبارەت بە بەرهەمەکانی درێژکردنەوەی برژانگ
پێت هۆشداری پزیشکی سەبارەت بە بەرهەمەکانی درێژکردنەوەی برژانگ
نرخی زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزی
دوات نرخی زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزی
پەیوەندیدار