وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە گەشتی نێوان عێراق و فڕۆکەخانەکانی ئیمارات راگیرا.
ئەمڕۆ هەینی 19ی تەمموزی 2024، وەزارەتی گواستنەوە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی لە عێراقەوە بۆ فڕۆکەخانەی دوبەی ڕاگەیاند بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە کە بەرۆکی جیهانی گرتووە.
وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاند، “گەشتەکان لە عێراقەوە بۆ فڕۆکەخانەی دوبەی ڕاگیراون بەهۆی ئەو گرفتە ئەلیکترۆنییەی کە بەر فڕۆکەخانەکانی ئیمارات کەوتووە”.
وتیشی، گەشتەکان بۆ سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان ڕاگیراون.
ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکەخانەکانی عێراق بە تەواوی بیمەکراون لە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی ئەلیکترۆنی یان خراپی کارکردن، و ئەو گرفتە ئەلیکترۆنییەی بەر فڕۆکەخانەکان و سیستەمی کەشتیوانی زۆرێک وڵاتان کەوتووە لە عێراقدا بەکارناهێنرێت.