حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و بەڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی ڕەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی گوژمەی یەك ملیار و ٩٨٥ ملیۆن دینار دا، بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەری لافاو لە گوندی گردجووتیار لە نزیك شاری هەولێر.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە لە چوارچێوەی گرنگیدانی كابینەی نۆیەم، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی ڕەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی گوژمەی یەك ملیار و ٩٨٥ ملیۆن دینار دا، بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەریی لافاو لە گوندی گردجووتیار لە نزیك شاری هەولێر.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە ئەم گوژمەیە بە شێوەی نەختینە و بە قۆناغ لە سەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جێبەجێ دەكرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، كە ڕێگریكردن لە لافاو و كەمكردنەوەی زیانەكانی لە شارە جیاجیاكانی كوردستاندا یەكێكە لە كارە سەرەكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێوشوێنی جیاجیا دەگیرێنەبەر.