سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتی کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن کۆبووەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەیەکدا پرسی هەڵبژاردن، ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی دەستوور و پاراستنی مافی هەموولایەک جەختیلێکرایەوە.
تایابەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، پابەندین بەو وادەیەی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکردووە و پێویستە هەموو لایەنەکانیتریش پابەندبن، دواخستن و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە نەک خزمەت ناکات، بەڵکو هەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی نەخوازراو ئاڕاستە دەکات.
لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەڵوێستی یەکێتی روونە و پشتگیریی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵۆزترنەبوونی دۆخەکە، رێز لە سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دەگرین و پێشوازیی لە هەر هەوڵێکیش دەکەین کە ئامانجەکەی بەرقەرارکردنی ئاشتی و کاری پێکەوەیی بێت لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی” یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سیاسەتێکی نیشتمانی و پابەند پاراستن و بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ناوە، بڕوای تەواومان بە کاری پێکەوەیی و هاوبەشیی راستەقینە هەبووە لە بەڕێوەبردنی وڵات و ویستوومانە هەموولایەک لەچوارچێوەی دەستوور مافەکانیان پارێزراوبێت”.
ڕاشیگەیاند، تاکڕەوی لە بەڕێوەبردن و سیاسەتی فەرزکردنی ئیرادە بەسەرچووە و ئەوەی وڵات پێویستی پێیەتی، ئاشتی و ئارامی و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستەترە بۆ خەڵکە خۆڕاگرەکەی نەک ململانێی ناڕەوا.