بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، بە داشكاندن بۆ قەرزی ئاو، نزیكەی 9 ملیار دینار بۆ هاونیشتمانییان گەڕاوەتەوە و 320 هەزار كەس سودمەندبوون. هاوكات، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت: سەرەڕای داشكاندنی 20%ی پارەی ئاو، هاووڵاتیان دەتوانن ئەو پارەیەی لەئەستۆیانە بیكەن بە قیست.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 320 هەزار هاونیشتمانی سوودمەندبوون لەو داشکاندنەی بۆ پارە و قەرزی ئاو کراوە.
ڕاشیگەیاند، بەگوێرەی ئەوەش نزیکەی 9 ملیار دینار داشکاندن بۆ هاونیشتمانییان کراوە.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی، داشكاندن و لێخۆشبوون بەڕێژەی 20%ی پارەی ئاوی هاوبەشان دەكرێت.
لای خۆشیەوە، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، دوابەدوای بڕیاری لێخۆشبوون لە 20%ی قەرزی ئاوی هاووڵاتیان، كە لە مانگی 4ی ئەمساڵ دەرچووە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سەردانی بنكەكانی كۆكردنەوەی كرێی ئاو دەكەن و بەوەش داهاتی بەڕێوەبەرایەتی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
ئاشكراشی كرد، بڕی ئەو قەرزەی لەسەر هاووڵاتیان و شوێنە گشتییەكانە نزیكەی 52 ملیار دینارە و ڕۆژانە بەهۆی گێڕانەوەی قەرزی ئاوەوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، ڕێژەیەك لەو قەرزە كەم دەبێتەوە و دەگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت.
ڕوونیشی كردەوە، كە سەرەڕای داشكاندنی 20%ی قەرزی ئاوی هاوبەشان، هاووڵاتیان ئەگەر قەرزەكەی لایانە زۆربوو دەتوانن بیكەن بە قیست بەپێی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆوە.