هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لایەنگرانی تووڕە کردووە، هەر ئەم تورەیی و نیگەرانییەش وایکرد سەرۆک بایدن بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ڕابگرێت، بایدن ترسی ئەوەی هەیە کە چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان توندوتیژی سیاسی زیاتر پەرە بسەنێت بەهۆی کاردانەوەکانی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ، ئەم هەوڵەی بایدن و کاردانەوەکان چ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕەوتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەبێت ؟
رۆژی شەممە (١٣ی تەمموزی ٢٠٢٤) لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کاندیدی کۆمارییەکانیان بە پاڵەوان وەسف کرد، وێنەیەکیان بەرزکردەوە کە گوزارشت بوو لەو دۆخەی رۆژی ڕابردووتر ترەمپی تیدا بوو پاش هەوڵی تیرۆرکردنی، کە تیایدا ترەمپ خوێن بە ڕوخسارییەوە بوو بەهۆی کاریگەری ئەو گوللەیەی بەر گوێی کەوتبوو .
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لایەنگرانی زمانێکی توندی ئاخاوتنی دژ بە ڕکابەرانی بەکارهێنا، ڕاوێژکاران و لایەنگرانی سەرۆک بایدن وتیان؛ کردەوە شەیتانییەکانی خۆی هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە بەسەری بێت.
لە بەرامبەردا جەیمس دەیڤید ڤانس، سیناتۆری ئەمریکی لە ئۆهایۆ و یاوەری سەرەکی بۆ کاندیدکردنی ترەمپ، لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا ڕایگەیاندووە، “وتاری ڕاوێژکاران و لایەنگرانی سەرۆک بایدن ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک ترەمپ”.
پاش مشتومڕەکان، بایدن بە خێرایی هەنگاوی نا، لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێرشەکەی وەک توندوتیژی سیاسی قبوڵنەکراو ئیدانە کرد و ئەو ریکلامانەی کە بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن هێرش بوون دژ بە ترەمپ کێشایەوە و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لە ئەمریکا هیچ شوێنێک بۆ ئەم جۆرە توندوتیژییە نییە، شتێکی قێزەونە.
هێشتا پاڵنەرەکانی هێرشبەرەکە نەزانراوە، بەڵام تۆمارەکانی دەنگدەرانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا دەریدەخەن کە تۆماس ماتیۆ کرۆکس تەمەن ٢٠ ساڵ، کۆماریخوازە و خەڵکی بێتێل پارکە، پێشتر ١٥ دۆلاری بەخشیوەتە لیژنەیەکی چالاکیی سیاسی کە پارە بۆ سیاسەتمەدارە چەپەکان و دیموکراتەکان کۆدەکاتەوە.
لە کورتخایەندا پێدەچێت ئەم هێرشە پاڵپشتی ترەمپ بەهێزتر بکات، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای تەقەکردنەکە، کەمپەینی ترەمپ پەیامێکی کورتی نارد و داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن، لە پەیامەکەدا هاتووە “ئەوان بەدوای منەوە نین، بەڵکو بە دوای تۆدان”.
هەروەها ملیاردێرەکانی ئیلۆن ماسک و بیل ئاکمان بە خێرایی پشتگیری خۆیان بۆ ترەمپ دەربڕی، ماسک لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس وتی، “بە توندی پشتگیری سەرۆک ترەمپ دەکەم، هیوادارم بە زووی چاکبێتەوە”.
ئەمریکا لە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی گەورەترین و بەردەوامترین زیادبوونی توندوتیژی بە پاڵنەرە سیاسییەکان بووەتەوە.
هێرشبەرانی ڕاستڕەو 13 هێرشیان ئەنجامدا لە کۆی 14 هێرشی سیاسی کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان یان برینداربوون لەو کاتەوەی لایەنگرانی ترەمپ لە 6ی 1ی 2021 هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتوڵی ئەمریکا، ئەنجامدەران یان گومانلێکراوانی ئەم هێرشانەش پەیوەندی حزبییان ڕوون و ئاشکرایە.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بوو، بەڵام بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی کرد و گلەیی ئەوەیکرد کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن دەوڵەت و ئیدارەی بایدنەوە کراوەتە ئامانج بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات بکەن.
هەندێک لە کۆمارییەکان لە ئێستاوە دڵتەنگن لەوەی کە ترەمپ بەردەوامە لە جۆشدانی بڵێسەی ئاگرەکە، چیپ فیکل، چالاکوانێکی کۆمارییەکان لە کارۆلینای باشوور و نەیاری ترەمپ دەڵێت: “ئەگەر وڵاتەکە پێشتر بەرمیلێک بارووت نەبووبێت، ئێستا ئەوەیە”.
هاوکات براد بانۆن، پسپۆڕی ستراتیژی دیموکراتەکان ڕایگەیاندووە، هێرشکردنە سەر ترەمپ دەتوانێت لەڕووی سیاسییەوە سوودی بۆی هەبێت، چونکە پشتگیری لە گێڕانەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دەکات کە دەڵێت؛ وڵاتەکە لە ڕێڕەوی خۆی دەرچووە.
بانۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەوڵی تیرۆرکردنەکە هاوسۆزی بۆ ترەمپ دەوروژێنێت، هەروەها بۆ دەنگدەران ئەو بیرۆکەیە پشتڕاستدەکاتەوە کە شتێکی بنەڕەتی لەم میللەتەدا هەڵەیە، بیرۆکەیەک کە پشتیوانی بۆ ترەمپ بەهێزتر دەکات”.
سەرچاوە؛ ڕۆیتەرز