رێڕەوی پاسکیل لە هەولێر دروست دەکرێت



لە هەولێر پرۆژەی رێڕەوی پاسکیل دروست دەکرێت و پارێزگاکەش دەیەوێت  بۆ دروستکردنی رێڕەوەکە سود لە ئەزموونی پاریس و هۆڵەندا وەربگرێت

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ـی تەممووزی 2024، به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ ئاماده‌بوونی دكتۆر سه‌رباز شێخ نه‌جیب راوێژكاری سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان و مه‌سعود كاڕه‌ش جێگری پارێزگار و قایمقامی قه‌زای ناوه‌ند و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی شاره‌وانی، هاتووچۆ و ئه‌ندازه‌ی هاتووچۆ و ڕێگه‌ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی ئه‌ندازیاران، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بە ناونیشانی (به‌ره‌و هه‌ولێرێكی پایسكل دۆست)، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرۆژه‌ی دروستكردنی رێڕه‌وی پایسكلسواری له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌چوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ته‌واوی پاڵپشتییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ خزمه‌تێكی ته‌واو به‌ ژینگه‌ی پارێزگای هه‌ولێر ده‌كات، هه‌روه‌ها كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانه‌كانی كه‌شوهه‌واش كه‌مده‌كاته‌وه‌ و ڕێگه‌خۆشكه‌ریش ده‌بێت بۆ زیادكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ردانی گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی ئۆتۆمبێل و هۆكاره‌كانی دیكه‌ی گواستنه‌وه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه،‌ لیژنه‌یه‌كی تایمه‌تمه‌ند و ڕاوێژكاریی ئه‌ندازیاریی له‌ پارێزگای هه‌ولێر پێكهێندراوه‌‌، لێژنه‌كه‌ ورده‌كاری چۆنییه‌تی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی‌ ئاماده‌ كردووه‌‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ڕێگه‌ی سیمینارێكه‌وه‌ گفتوگۆی زیاتری له‌باره‌وە کرا و شرۆڤه‌ی ته‌واوی لایه‌نه‌كانی كرا.

لە کۆبوونەوەکەدا داواکرا سوود له‌ ئه‌زموونی پاریس وه‌ك ده‌سته‌خوشكی شاری هه‌ولێر و هۆڵه‌ندا وه‌ك وڵاتی پێشه‌نگ له‌ به‌كارهێنانی پایسكل وه‌ربگیرێت.

دەشڵێت:” شاری هه‌ولێر وه‌ك شارێكی بازنه‌یی، له‌باره‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی رێڕه‌وی پایسكلسواری، له‌كاتی ته‌واوبوونی ئاماده‌كارییه‌كان و وه‌رگرتنی سه‌رنج و روونكردنه‌وه‌كان، پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت”.

کارکردن لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی خێراتر دەکرێت
پێت کارکردن لە شەقامی 100 مەتری سلێمانی خێراتر دەکرێت
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە هەولێر 12 کەس دەستگیرکران
دوات لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە هەولێر 12 کەس دەستگیرکران
پەیوەنیدر