پ. د. سەعید عەلی محمد
گفتوگۆكانی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی (ماستەرنامە و دكتۆرانامە)كان قۆناغی كۆتاییە لە قۆناغەكانی تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانستیی قوتابیانی خوێندنی باڵا! ئەگەر سەرنج بدەینە ڕەوتی ئەو گفتوگۆیانەی كە لە زۆرێك لە بەشە زانستیی و كۆلێژە جیاوازەكاندا بۆ (ماستەرنامە و دكتۆرانامە)كان ئەنجام دەدرێن بۆمان دەردەكەوێ كە ئەو گفتوگۆیانە بەدەست چەندین ئافەت و دیاردەی ناپەسەند و خاڵی لاوازەوە دەناڵێنن، كە هەندێكیان هۆكارەكەیان پەیوەستە بە جۆری پەیڕەو و لائحەی ئەو بەشە زانستیی و كۆلیژەوە كە كاری پێدەكات، هەندێكیان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی پێكهاتە و ئاستی زانستیی ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆكە، هەروەها هۆكاری هەندێكی تریشیان دەگەڕێتەوە بۆ خودی قوتابی و ئامادەكاری نامە زانستییەكە! گومانی تێدا نییە ئەم حاڵەت و دیاردە نێگەتیڤانە كە ئێمە لەم نوسینەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین ئاسەوار و ڕەنگدانەوەی خراپ بەجێدەهێڵن لەسەر پڕۆسەی خوێندنی باڵاو، سەنگ و قورسایی و هەیبەتی توێژینەوە ئەكادیمییەكان، بەشێوەیەك كە نامەی زانستیی (پلە ناوەند) دەبێتە (پلە نایاب) و، ماستەرنامە و دكتۆرانامە لاوازەكانیش ئەگەرچی هەندێ گۆڕانكاری و دەستكاری ڕواڵەتی و لاوەكیان تێدا بكرێ، بەڵام لە كۆتاییدا بەڕێ دەكرێن و مۆڵەتیان پێدەدرێ!
بەداخەوە لە هەندێك لە بەشە زانستیی و كۆلیژە جیاوازەكاندا گفتوگۆی (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە) كان وەك هەر ڕێ و شوێنێكی تری ئیداریی و كارگێڕیی ڕۆتینی و تەقلیدی لێهاتووە كە نامە زانستییەكە پێیدا تێپەڕ دەكات تا ئەو كاتەی ئامادەكاری نامەكە پلە زانستییەكەی خۆی بەدەست دەهێنێ!
دیارترین و زەقترین ئەو ئافەت و دیاردە خراپ و ناپەسەندانەی كە گفتوگۆكانی ماستەرنامە و دكتۆرانەمەكان لە هەندێ لە كۆلێژو زانكۆكاندا پێیانەوە گیرۆدە بوون ئەمانەی خوارەوەن :
یەكەم: بەندە كە هەندێ جار ئەندامم لە لیژنەی گفتوگۆكانی ماستەرنامە و تێزەكانی دكتۆرا، یان ئامادەی دانیشتنەكان دەبین دەبینین نەفەسی موجامەلە كردن و خۆشدواندن لەنێوان ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆدا زۆر زاڵە و بە زەقی هەستی پێدەكرێ، ئەو گفتوگۆیانەی كە تایبەتن بە هەڵسەنگاندنی ئاستی زانستیی ئەو توێژینەوەیەی كە پێشكەشكراوە، هەروەها زانینی ئەوەی تا چ ڕادەیەك خاوەنەكەی شیاوی ئەوەیە پلەی زانستیی پێ ببەخشرێ.
یەكێك لە وێنە و دیمەنەكانی ئەم دیاردەیە : ئەو موجامەلە زانستیەیە كە لەنێوان ئەندامانی لیژنە و سەرپەرشتیاری نامە زانستیەكەدا هەستی پێدەكرێ ، یان هەندێ جار لەنێوان قوتابی و ئەندامانی لیژنەكەدا ڕوودەدات، بەتایبەت كاتێك قوتابیەكە كارمەند بێت لە بەشەكە یان دەست ڕۆشتوو و خاوەن نفوز بێت لە كۆلێژو زانكۆكەدا ، یان ئەگەر سەرپەرشتیاری توێژینەوەكەی بەرپرسێكی باڵاو دیار بێت لە زانكۆكەدا، لەم حاڵەتانەدا خۆشدواندن و ڕازیكردنی بەرانبەر زاڵ دەبێت بەسەر كەش و هەوای گفتوگۆكاندا و مۆركی زانستیی و پێوەری مەعریفیی لە هەڵسەنگاندنی نامە زانستیەكەدا لاوازو كاڵ دەبێتەوە و، كۆی گفتوگۆ زانستییەكەش جدییەت و لایەنی بابەتیی لەدەست دەدات!
پاڵنەری ئەم دیاردەیەش زۆرجار ئەوەیە ئەندامانی لیژنە دەیانەوێ سەرپەرشتیارەكە ڕازی بكەن و ڕێژەی هەڵەكان و چەوتییەكانی نێو نامە زانستییەكە كەم بكەنەوە و، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو سەرپەرشتیارەدا تێك نەدەن، چونكە بڕوایان وایە سبەینێ لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی كۆلێژ یان زانكۆدا یەكتر دەبیننەوە و لە پاڵ یەكتردا دادەنیشنەوە، بۆیە كۆمەڵە وەسف و سەناو پیاهەڵدانی ساختەی بێ سنوور كە شیاوی (ماستەرنامە) یان (دكتۆرانامە) كە نین ئاڕاستەی سەرپەرشتیارەكە دەكەن.
دووەم: زاڵبوونی ڕۆحییەتی موجامەلەكردن بەسەر گفتوگۆكانی (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە)كاندا كۆمەڵێ تەنازولات و خۆنواندنی ساختە بەدوای خۆیدا دەهێنێ لەسەر حیسابی ئەمانەتی توێژینەوەكردن و ئەخلاقییاتی زانستیی، تەنها لە ترسی لەدەستدانی هاوڕێیەتی مامۆستایەك یان ڕاكێشانی دڵی مامۆستایەكی تر یان هەر هۆكارێكی تر كە مامۆستای زانكۆ دەخاتە نێو گێژاوی موجامەلە ڕووكەشییەكانەوە و، قیمەت و قورسایی و ناوبانگی زانستیی و شەفافییەتی مەعریفیی و ئەكادیمیش دەكاتە قوربانی و، لە كۆتاییشدا هیچمان دەست ناكەوێ تەنها توێژینەوە و نامەی زانستیی لاوازو خاڵی لە هەموو جۆرە داهێنان و بەرهەمێكی زانستیی نوێ، لە ئەنجامدا توێژینەوەكە و خاوەنەكەشی نە دەبنە ئیزافەیەكی نوێ بۆ زانكۆ و دامەزراوە ئەكادیمییەكە، نە هیچ خزمەت و جێ دەستێكی دیاریش پێشكەش بە كۆمەڵگە و قوتابی و ژینگە ئەكادیمییەكەش دەكەن.
سێهەم: گفتوگۆكانی (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە) لە كۆلێژو بەشە جیاوازەكاندا زۆرجار بۆتە مەیدانێك بۆ خۆدەرخستن و خۆنمایش كردن و سنگ دەرپەڕاندنی كۆمەڵێك مامۆستا لە بەرانبەر قوتابیەكانیاندا، ئەو مامۆستایانە دەزانن قوتابیەكە لە ساتەوەختێكی لاوازدایە و، ناتوانێ بەرگری لە خۆی بكات، بۆیە گفتوگۆكان وەك هەلێك دەقۆزنەوە بۆ خۆدەرخستن و خۆنواندن وەك كەسایەتییەكی زانستیی ئەكادیمیی نمونەیی، هەندێ جار دەگاتە ئاستی سوكایەتی و گاڵتەكردن بە قوتابیەكە و توێژینەوەكەی لەبەردەم هاوڕێ و دۆستەكانیدا، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە زۆرجار هەندێك لە مامۆستاكانی ئەندامی لیژنەی گفتوگۆ ماستەرنامە یان دكتۆرانامەی قوتابیەكەیان بەشێوەیەكی وورد و پێویست نەخوێندوەتەوە، بەڵكو تەنها بە خوێندنەوەیەكی سادە و سەرپێیانە كۆمەڵێك تێبینی عەشوائی و نازانستی و میزاجیانە بەسەر قوتابیەكەدا دەبارێنن و بەلاوازو كەمتەرخەم وەسفی دەكەن! خۆ ئەگەر قوتابیەكە بیەوێ تێبینی و وتەی ئەندامێكی لیژنەكە ڕاست بكاتەوە خێرا داوای بێدەنگ بوونی لێدەكرێ تاوەكو هەڵە و نەزانیی و لاوازیی مامۆستاكە پینە بكرێ و لەبەردەم ئامادەبوواندا شەرمەزار نەبێ ، بەمەش بۆچوون و تێبینی هەڵەی مامۆستای ئەندام لە لیژنەی گفتوگۆ لەبەردەم ئامادەبوواندا زاڵ دەبێ و، قوتابیەكەش بێ توانا دەمێنێتەوە لە بەرگری كردن لەو نوسین و بیرۆكانەی كە لە دوو توێی (ماستەرنامە) یان (دكتۆرانامە) كەیدا چەندین ساڵە پێیانەوە ماندوو بووە و تۆماری كردوون.
چوارەم: ئەگەر سەرنج بدەینە ڕێڕەوی گفتوگۆكان بەتایبەت لە هەندێك لە بەشە ئیسلامیی و مرۆڤایەتییەكان جگە لە موجامەلە كردن، دیاردەی بێ باكیی و كەمتەرخەمیی و نمرە بەخشینەوە بەشێوەیەكی بەرچاو هەستی پێدەكرێ و، زۆرێك لە (ماستەرنامە) و (دكتۆرانامە)كان زۆر بە ئاسانی و خێرا بە پلەی (نایاب)ەوە بەڕێ دەكرێن! ئەڵبەتە سەرەڕای درێژبوونەوەی گفتوگۆكان و تۆماركردن و دەست نیشانكردنی چەندین هەڵەی گەورەی جۆراوجۆر و خاڵی لاواز لەنێو كۆی نامە زانستییەكاندا، كەچی لە كۆتاییدا گفتوگۆكان بە بەخشینی (پلەی نایاب) كۆتاییان پێدەهێنرێ و، هیچ جیاوازییەك لەنێوان نامە زانستییە لاوازەكان و نامە زانستییە بەهێزو بەپێزو نمونەییەكاندا نامێنێتەوە و وەك یەكیان لێدێت! هەروەها هیچ قورسایی و سەنگ و گرنگییەكی ئەوتۆش بۆ جەوهەری گفتوگان و تێبینییە زانستیەكان و شكۆی لیژنە و بەشە زانستییەكەش ناهێڵدرێتەوە! ئەم بێ باكیی و سەتحییەت و ساویلكەییە لە بەڕێكردنی هەندێك لە توێژینەوە ئینسانیی و ئیسلامییەكاندا هەندێجار بۆتە هۆی سەرەكی بە كەم سەیركردن و دابەزینی شكۆ و گەورەیی ئەو بەشانە و، تەنانەت دروستكردنی گومان لە ئاست بڕوانامە و ماستەرنامە و دكتۆرانامەكانیشیاندا!
پێنجەم: لە زۆربەی زانكۆكانی ئێمە و وڵاتانی دەرەوەشدا ئەوەی كە زیاتر قوتابی خوێندنی باڵا بە تایبەت قوتابی قۆناغی دكتۆرا بیری لێدەكاتەوە هەوڵدانە بۆ دەستنیشانكردنی ئاسانترین و سادەترین بابەت بۆ توێژینەوەكەی! هەروەها هەڵبژاردنی لاوازترینی مامۆستا بۆ سەرپەرشتی كردنی نوسینەكەی ، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ناشایستەترین داوەر، ئەمە جگە لە كەمترین هەوڵ و كۆشش و خۆماندووكردن لە خوێندن و نوسینی نامە زانستییەكەیدا! بێگومان ئەوەی كە گرتنەبەری ئەم جۆرە ڕێ و شوێنە سادە و ڕواڵەتیانەی بۆ قوتابی ئاسان و دەستەبەر كردووە سروشتی خودی زانكۆ و كۆلێژو دامەزراوە زانستییەكانن ، كە یاسا و ڕێسا و مەرج و پێوەری توندوتۆڵ و نمرە و ئاستی زانستیی بەرز پەیڕەو ناكەن لە وەرگرتنی قوتابیانی ماستەرو دكتۆرادا و، زیاتر مەیل بەلای وەرگرتنی ئەو قوتابیانەدا دەكەن كە ئاست لاوازن و هەست و غەریزەی مەعریفیی و ئارەزووی گەشەدان بە كەسایەتی زانستییان كزو سست و لاوازە!
شەشەم : ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیانی ماستەرو دكتۆرا لە سەرووبەندی دەستنیشانكردنی ناونیشانێك بۆ نامە زانستییەكانیان ڕوودەكەنە مامۆستاكانیان لە بەشەكانی خۆیاندا بۆ ئەوەی ناونیشانێكیان بۆ پێشنیار بكەن ، كە لەڕاستیدا ئەم دیاردەیە دیاردەیەكی زۆر ناپەسەند و خراپ و نەگونجاوە و، تەواو دژە لەگەڵ سیفەت و كەسایەتی توێژەرو لێكۆڵەری ڕاستەقینە ، چونكە لێكۆڵەری ڕاستەقینە ناگاتە ئاستی قۆناغی توێژینەوەكردن ئەگەر دەماغ و هیزرو خەیاڵی پڕ نەبوو بێت لە كۆمەڵێ گرفت و گرێی زانستیی و پرسیاری جوڵاو لەبارەی بابەتێكەوە كە ئەو دەیەوێ وەڵامیان بۆ پەیدا بكات و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە!
لێكۆڵەری ڕاستەقینە ماندوو نابێ و نوسینەكەی هیچ داهێنانێكی نوێ پێشكەش ناكات ئەگەر باشترین و زیندووترین و گونجاوترین ناونیشان و بابەت بۆ ماستەرنامە یان دكتۆرانامەكەی و ئەو كاتە تایبەتەی كە بۆ ئامادەكردنی نامە زانستییەكە تەرخان كراوە نەدۆزێتەوە! كارەساتە كاتێك خوێندكاری ماستەر یان دكتۆرا ئاشنا و ئاگاداری هیچ جۆرە بابەتێكی شایستە بە نوسین و لێكۆڵینەوە نیە و، هیچ جۆرە پرسیارو گرفتێكی لەبارەی هیچ بابەت و پرسێكی زانستیی و مەعریفییەوە لە چوارچێوەی بەشە پسپۆڕییەكەی خۆیدا بۆ دروست نەبووە و، تەنها و تەنها بەدوای ئەو نوسین و توێژینەوە لاوازو بێ كەڵك و بێ ناوەڕۆك و مردوانەدا دەگەڕێ كە چارەسەری هیچ گرفتێكی زانستییان تێدا نیە و، هیچ ئاڵۆزی و بۆشایی و پێویستییەكی كۆمەڵگە لەو بوارە پسپۆڕییەدا پڕ ناكەنەوە!
لەم سۆنگەیەوە پێویستە مامۆستایانی كۆلیژ و بەشە جیاوازەكان بە تایبەت دەستەی خوێندنی باڵا ڕێگا لەم دیاردەیە بگرن و، قوتابیانی ماستەرو دكتۆرا بۆ خۆپێگەیاندن و توێژینەوەكردنی ڕاستەقینەی قوڵ هانبدەن و ڕابهێنن ، توێژینەوەیەك كە داهێنان و بەرهەمی زانستیی ئەكادیمیی نوێی هاوچەرخ پێشكەش بكات و ، ڕەوتی زانستیی بەرەو پێشەوە ببات ، نەك تەنها ئیزافەی نامەیەكی بێ ناوەڕۆك بێ بۆ نێو كتێبخانەی زانكۆ و كۆلیژەكان!