“لێکتێگەیشتن بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەیە”



سەرکردەیەکی سیاسی عەرەبی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرا دەکات و دەڵێت” لێکتێگەیشتن هەیەو پێدەچێت پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەبی سوننە بێت”.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک،لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە،”لە دانیشتنی سبەینێ پێنجشەممەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیار لەسەر هیچ پۆستێک نادرێت و هێشتا ڕێککەوتن ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان کورد و عەرەب.”

ئیسماعیل حەدیدی وتویەتی،”ڕەنگە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێتە یەکێتی و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەب و پۆستی جێگری پارێزگاریش بۆ تورکمان بێت، عەرەب ڕازی دەبێت چونکە پۆستەکە ئیستحقاقی یەکێتییە، بەڵام ئەمە تەنها لێکتێگەیشتنەو نەبووەتە ڕێککەوتن.”

بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، لەسەر داوای سودانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، و ئەمڕۆش چوارشەممە، 10 ی 7 ی 2024، راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد، بە پێی یاسا ناوبراو سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات بەو پێیەی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکەیە، بە پێی یاسای هەڵبژاردنیش دەبێت لە ماوەی مانگێکدا ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژارندا، هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە.

شا چارڵز و هاوژینەكەی پیرۆزبایی یادی 100 ساڵەی لەدایكبوون لە خانمێكی كورد دەكەن
پێت شا چارڵز و هاوژینەكەی پیرۆزبایی یادی 100 ساڵەی لەدایكبوون لە خانمێكی كورد دەكەن
بانكی ناوەندی چەند بڕیارێكی دەربارەی دۆلار دەركرد
دوات بانكی ناوەندی چەند بڕیارێكی دەربارەی دۆلار دەركرد
پەیوەندیدار