بە تاوانی دەستبەسەرکردنی ژنانی ئێزدی و کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، دادگای کەرخی بەغدا سزای لەسێدارەدانی بۆ هاوسەرەکەی ئەبوبەکر بەغدادی دەرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاویکردەوە، دادگای تاوانەکانی کەرخی بەغدا سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەسما محەمەد، هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی دەرکرد.
هاوسەرەکەی بەغدادی کە بە “ئوم حوزەیفە” ناسراوە، تاوانی کارکردنی لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و دەستبەسەرکردنی ژنانی ئێزدی لە ماڵەکەی خۆی و پاشان ڕفاندنیان لەلایەن داعشەوە، بەسەردا ساغ بووەوە.
ئوم حوزەیفە ساڵی 1976 لەدایکبووە و ساڵی 1999 لەگەڵ ئیبراهیم عەوەز هاوسەرگیریی کردووە کە دواتر بە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش ناسرا.
هاوسەرەکەی بەغدادی لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن تورکیا دەستگیرکرا و دواتر بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا گەڕێندرایەوە بۆ عێراق.