بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی بەتینی گەرما ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و لە ناوچەكانی عێراق پلەكانی گەرما دەچنە سەروو 50 پلەی سەدی.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، سبەی چوار شەممە، ئاسمانی ھەرێم ساماڵ و پەڵە ھەور ئەبێت و پلەكانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە و دوو سبەی پێنج شەممە و ڕۆژی ھەینی لە ئەنجامی چالاكتربوونی نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی ھیندی شەپۆلێكی بەتینی گەرما ناوچەكانی باكوری ڕۆژھەڵاتی سعودیە و ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، پلەكانی گەرما لەو ناوچانەدا بەرزدەبنەوە بۆ زیاتر لە 50 پلەی سەدی و كاریگەری ئەو گەرمایە لەسەر ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان كەمتر ئەبێت و پلەی گەرمی بەراورد بە ماوەی ئێستا 2 تا 3 پلە بەرزدەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە سەرەتای ھەفتەی ئایندەوە ڕۆژی شەممە 13/7/2024 لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەك لە ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە بۆ سەر ناوچەكانمان، شەپۆلە گەرماكە ئەكشێتەوە و پلەكانی گەرما 2 تا 4 نزم دەبنەوە.