وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشكرای دەكات، بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە نقوم بووە و بەهۆیەوە 7 کۆچبەر خنکاون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاندووە، کاتژمێر 10:47ی بەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە، بەلەمێکی کۆچبەران بە 27 سەرنشینەوە لە دەریاچەی ئیجە، نزیک لە شارۆچکەی چەشمەی سەر بە پارێزگای ئیزمیر ژێرئاوکەوتووە و 7 كۆچبەر خنكاون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت: دوای ئەوەی ماسیگرێك هەواڵی بینینی نقوم بوونی بەلەمەكەی داوە بە ئاسایش، بەپەلە چوار بەلەمی هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکان و هێلیکۆپتەرێک نێردراونەتە شوێنی ڕووداوەکە.
ئاشكراشی كردووە، 19 کۆچبەر رزگار کراون، 7 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، کە تەرمەکانیان دەرهێندراون؛ کۆچبەرێکیش بێسەروشوێنە.