وێنە و ڤیدیۆ؛ 12 كۆچبەری كورد و سوریایی لە بیابانێكی جەزائیر لە تینوێتیدا دەخنكێن



ڕێکخراوێکی فریاگوزاری جەزائیری ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردەوە، 12 کۆچبەری سوریایی، کە کوردیشیان تێدایە، لە بیابانی جەزائیر لە تینوێتیدا خنکاون.

ڕێکخراوی (غوث بۆ گەڕان و فریاگوزاری) لە شاری تەمێنگێستی جەزائیر ناو و زانیاری قوربانییەکانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، کە تەرمەکانیان لە ناوچەی حەسی-بێلفور دۆزراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە جەزائیرییە و ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان لە سوریا، سێ کەسیان خەڵکی پارێزگای حەسەکەن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا “ڕۆژئاوای كوردستان” قوربانیانی دیکە خەڵکی شارەکانی ڕەقە و حەلەب و دیمەشقن. هەروەها منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لە نێو قوربانییەکاندایە.

ئەو کۆچبەرانە ویستوویانە لە ڕێگەی جەزائیرەوە، کە لە سنووری دەریای سپییە، بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.

لە هەندێک ڤیدیۆدا، کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، تەرمی قوربانییە سوریاییەکان لە بیابانەکاندا پیشان دەدرێت. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی (غوث) خەڵک و کەسوکاری قوربانییەکان دەتوانن لە نەخۆشخانەیەکی بۆرج عومەر ئیدریس تەرمەکانیان وەربگرنەوە.

بۆ زۆرێک لە کۆچبەرانی کورد و سوریایی، ڕێگای باکووری ئافریقا یەکێکە لەو ڕێگا سەختانەی پیایدا هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەران لە ئاوەکانی دەریای سپی گیانیان لەدەستداوە.

هاوکاری ئەو کەسانە دەکرێت سیستمی وزەی خۆر دادەنێن
پێت هاوکاری ئەو کەسانە دەکرێت سیستمی وزەی خۆر دادەنێن
“بەپێی بڕیاری دادگا نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە”
دوات “بەپێی بڕیاری دادگا نابێت هیچ کێشە و هۆکارێک ببێتە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچە”
پەیوەندیدار