دیبەیت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا



*کارۆخ خۆشناو

دەتوانین ئەم ساڵ (2024) بە ساڵی هەڵبژاردن ناوزەد بکەین، چونکە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێت، وەک بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ڕوسیا و ئێران و تورکیا و یەکیەتی ئەورپا و هەرێمی کوردستان و….هتد.
یەکێک لە هەڵبژاردنە گرنگەکانی ئەم ساڵیش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، بۆیە لەم وتارەدا هەوڵدەدەین بە شێوەیکی خێرا هەڵوەستەیەک بکەین لەسەر دیبەیت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.


یەکەم: دیبەتی نێوان بەربژێرەکانی ئەمەریکا

ئەنجامدان و سازکردنی دیبەیت یاخود (دیبەیتکردن Presidential Debate) کردەیەکی زیندوو و بەشێکی بنەڕەتی کولتووری دیموکراسی و نەریتێکی باوی سەردەمیانەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكایە، دوای گەشەی تەکنەلۆژیا و داهێنانی (تەلەفزیۆن) هەڵمەتی گەیاندنی پەیام و پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی فراوانتر لە ڕێگای (دەنگ و رەنگەوە) دەستیپێکرد، (دیبەیت Debate) بە گرنگترین ئامرازی خستنەڕووی توانای بەربژێرەکان دادەنرێت، لە پێناو گەیاندنی پەیام و بەرنامەی کار و پڕۆژەکان بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، هەموو چوار ساڵ جارێک، چوار دیبەیت ئەنجام دەدرێن لە نێوان بەربژێرەکان، سێ دیبەیت لە نێوان کاندیدانی سەرۆک و یەکێکیش لە نێوان جێگرەکانیان.
مێژووی یەکەمین دیبەیتی تەلەفزیۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1960) لە نێوان (ریچارد نیکسن و جۆن کەنەدی) دواتریش بوو بە بەشێک لە نەریت و هۆشیاری جەماوەر و دەستبەژێری سیاسی لە ئەمریکادا.

دیبەیتەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا مێژوویی و هەستیار دەبن، چونکە یەکەمجارە لە ئەمەریکادا دیبەیتەکان لە نێوان دوو کارەکتەری بەتەمەن بەڕێوە بچێت کە یەکێکیان سەرۆکی ئێستایە و ئەویتریشیان سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە، چاوەڕووان دیبەیتەکانی داهاتوو گرنگ و چارەنووسساز دەبن، چونکە لەلایەک شەقامی ئەمریکی بە شێوەیەکی قوڵ دابەش بووە، لەلایەکی تریش بە ملیۆنان (دەنگدەری خۆڵەمێشی) لە دوای دیبەیتەکان دەنگی خۆیان یەکلادەکەنەوە.

ناوەڕۆک و باسی دیبەیتەکان هەمیشە پرسەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا لەخۆدەگرن، لە پرسی کۆچ و باجەوە بگرە، تادەگاتە جەنگی ئۆکڕاین و ڕوسیا و حەماس و ئیسڕائیل.

لەم ڕۆژانەدا (دۆناڵد ترەمپ) لەتۆڕە تایبەتەكەی خۆی کە ناوێ “تروس سۆشیال-Truth Social”ە نوسیویەتی پێویستە (جۆ بایدن) رەخنەگرە زۆرەكانی فەرامۆش بكات و بەردەوام بێت لە خۆ كاندیدكردنی.
ئەم داوایەی تڕەمپ لەكاتێكدایە، تا دێت داواكاری كشانەوەی (جۆ بایدن) لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لەناو دیموكراتەكان لە هەڵكشاندایە، بەهۆی ئەوەی ترسیان هەیە كێبڕكێیەكە بدۆرێنێت، بەتایبەت دوای ئەو دیبەتە خراپەی لەگەڵ ترەمپ ئەنجامیدا، كە بەگوێرەی زۆرینەی راپرسیەكان بایدن لەو دیبەیتەدا روبەڕوی شكستێكی گەورە بووەوە بەرامبەر بە ترەمپ.
تاکو ئێستا (بایدن) پێداگرە لەسەر خۆ كاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و رەتیدەكاتەوە لە پرۆسەكە بكشێتەوە.
دیارنیە ئەو داوایەی ترەمپ لە بایدن بۆ متمانەی زۆری دەگەڕێتەوە بەوەی لە هەڵبژاردن دەباتەوە، یان ترسی هەیە لە كاندیدكردنی كەسایەتیەكی تری دیموكراتەكان لەشوێنی بایدن، كە جارێكی تر رێگەی لێبگرێت بە گەيشتن بۆ كۆشكی سپی.

دووەم: میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمەریکا

هەڵبژاردن وەک نەریت و بنەمایەکی دەستووری لە ئەمەریکا بەشێکە لە پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی، کولتوری سیاسی، تازەکردنەوەی شارعیەت و مانا و هێزدان بە دامەزراوەکان و پتەوکردنی پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ریزگرتن لە بیروڕای هاوڵاتیان و کۆمەڵگەی ئەمەریکی.

ڕۆژی (سێشەممە) ڕێکەوتی (5)ی نۆڤەمبەری (2024) بە ڕۆژێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت، ئەویش بە هۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، کە وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی جیهان وێنا دەکرێت، بەڵام بە میکانیزمێکی ئاڵۆز و سیستەمێکی جیاواز لەچاو هەموو وڵاتانی جیهان، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا سەرۆک یان ڕاستەوخۆ لەناو خەڵک هەڵدەبژێردرێت، یاخود ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە ئه‌مه‌ریكادا هیچکام لەم ڕێگایانە بەکار ناهێنرێن.

لە کاتی نووسینەوەی دەستووری ئه‌مه‌ریكا لە ساڵی (1787) نوێنەرانی هەر (13) ویلایه‌تەکە دوو پلانی جیاوازییان هەبوو بۆ چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا و دواجار لەدوای مشتومڕێکی زۆر، باوکانی دامەزرێنەر گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە بە (ڕێکەوتنە گەورەکە) ناسرا، ئەویش بریتی بوو لە بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوان (ویلایه‌تە گەورە و بچوکەکان) لە ڕیگای تێکەڵکردنی دوو بیڕۆکە، بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکیان داهێنا بەناوی (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج) کە بریتیە لە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک بە شێوازیکی ناڕاستەوخۆ، چونکە خەڵک دەنگ بە (دەستەیەک یان کۆمەڵەیەک) دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕەڵ کۆڵیج)، ژمارەی ئەندامەکانی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (هاوس و سێنات)ە لەگەڵ سێ ئەندام بۆ (واشنتن D.C)ی پایتەخت، واتە ژمارەی ئەم دەستەیە [538] ئەندامن، (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (نیوە+1) ئەم ژمارەیە واتە (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بێنێت، ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە سەرۆکی ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا.

لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، خەڵکی ئه‌مه‌ریكا دەنگ بە کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج)، ئەم کۆمەڵەیەش لە ڕۆژی دوشەممەی یەکەمی دوای چوارشەمەی دووەمی مانگی دیسەمبەر (ناوڕاستی مانگی 12) هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ژمارەیەکی پێوانەیی مێژووی تۆمار بکات لە ڕێژەی دەنگدان و بەشداریکردنی خەڵک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، چونکە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا زیاتر بێت لەو ڕێژە پێوانەییەی کە لە ساڵی (1908) تۆمار کرابوو، کە برێتی بوو لە (65%) خەڵکی ئه‌مه‌ریكا.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵدا نزیکەی (200) ملیۆن هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی مافی دەنگدانیان هەیە، ئه‌مه‌ریكا تاکە وڵاتی دیموکراسی دونیایە، کە دوای ئەوەی کاندیدی سەرۆک بە زۆرینەی دەنگی هاوڵاتیان هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، بەڵام هێشتا ناتوانێت ببێت بە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، چونکە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا لە ڕێگای دەنگی (ئیلیتکۆڕەڵ کۆڵیج)ەوە هەڵدەبژێردرێت نەک دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک، ئەم حاڵەتەش (5) جار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئه‌مه‌ریكادا دووبارەبۆتەوە، دواترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (2016) بوو لە نێوان (دۆناڵد تڕمەمپ و هیلاری کلنتن) ئەگەرچی (هیلاری کلنتن) توانی نزیکەی (3) ملیۆن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە (دەنگدانی گشتی)دا بەڵام لە کۆتاییدا (دۆناڵد تره‌مپ) توانی زیاتر لە (304) دەنگ لە (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) بەدەست بێنێت لە بەرامبەردا هیلاری تەنها (227) دەنگی بە دەست هێنا، بۆیە (تره‌مپ) بوو بە سەرۆکی ژمارە (45)ی ئه‌مه‌ریكا.

دەتوانین بڵێین لە هەڵبژادنەکانی ئەم خولەشدا، لە کۆی (50) ویلایه‌ت، (40) ویلایه‌ت دابەشبوون بەسەر ڕەنگی سور و شیندا، واتە دەنگی خۆیان یەکلاکردۆتەوە بۆ کۆماریەکان و دیموکراتەکان، بەڵام تەنها (10) ویلایه‌ت دەنگەکانیان بە خۆڵەمێشی ماونەتەوە، ئەم (10) ویلایه‌تەش پێیان دەگوترێت (Swing State) چونکە تا کۆتای پڕۆسەکە دیار نییە دەنگ بە کام کاندید دەدەن، بۆیە کاندیدەکان هەر لە سەرەتای هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا فۆکەسی خۆیان خستۆتە سەر ئەم (ویلایه‌تە خۆلەمێشیانە)ْ ئەمەش بەهۆی گرنگی ئەم ویلایه‌تانە لە یەکلاکردنەوەی ململانێی ماراسۆنی گەیشتن بە کورسی کۆشکی سپی، ئەم ویلایه‌تانەش بریتین لە (پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ، ویسکنسن، کارۆلینای باکور، ئەریزۆنا، جۆرجیا، فلۆریدا، مینیسۆتا، ئایوا، نیڤادا)

دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکان تەواو دەبن، سەرۆکی هەڵبژێردراو نزیکەی (دوو مانگ و نیو)ی لەبەر دەست دەبێت تاکو کابینەکەی پێکبهێنێت، دواتر بە گوێرەی دەستوور پێویستە سەرۆکی نوێی ئه‌مه‌ریكا لە ڕۆژی (2024/1/20) لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا سوێندی یاسایی بخوات، ئەم ڕۆژەش بە (Inauguration Day) ناسراوە.

لە کۆتاییدا پێموایە لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا (تڕەمپ) دەتوانێت سەرکەوتن بەسەر (بایدن)دا بەدەست بهێنێت، ئەمەش پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکاری خودی و بابەتی، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا (تڕەمپ) دەبێتەوە سەرۆکی ژمارە (47)ی ئەمەریکا و دووبارە دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.

*سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی

دۆلار 150 هەزار دیناری تێپەڕاند
پێت دۆلار 150 هەزار دیناری تێپەڕاند
نزیکەی دوو هەزار دۆنم لە ماوەت سووتا
دوات نزیکەی دوو هەزار دۆنم لە ماوەت سووتا
پەیوەندیدار