چیرۆکی پەنجا ساڵ پێکەوەیی لە “پایتەختی جیابوونەوە” دا



ژن و مێردێک کە لە شاری کانۆ لە وڵاتی نەیجیریا دەژین و بە “پایتەختی جیابوونەوە”  ناسراوە، لە یادی ٥٠ ساڵەی هاوسەرگیریان دا، ستایشی هاوسەرگیرییە درێژخایەنەکەی خۆیان کرد و لای دانیشتوانی ئەو شارەش مانەوەیان بۆ ئەو ماوە زۆرە جێی سەرسوڕمانە.

 

مەحمود کەبیر یوسف و ڕەبیعەتوو تاهیر لە ڤیدیۆ کلیپێکدا، باسیان لە نهێنییەکانی مانەوەی هاوسەرگیرییەکەیان و دڵخۆشییانکرد، و سەبارەت بە هۆکاری شکستی زۆرێک لە هاوسەرگیرییەکان لە شاری کانۆ لە باکووری نەیجیریا قسەیان هەبوو.

 

یوسفی تەمەن 76 ساڵ، هۆکاری مانەوەی هاوسەرگیرییەکەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ سروشتی بەخشندەیی و میهرەبانی هاوسەرەکەی و بە تۆڕی هەواڵی بی بی سی وتووە: “ئەو کەسێکی تەواو خۆنەویستە و چاوپۆشی لە زۆرێک لەو شتانە دەکات کە ڕوو دەدەن ئەمەش یەکێکە لە هۆکاری سەرکەوتنی هاوسەرگیرییەکەمان”.

یوسف و هاوسەرەکەی لە سەردەمی لاوێتیاندا

یوسف و هاوسەرەکەی لە سەردەمی لاوێتیاندا

ئەم قسانەی یوسف زەردەخەنەی خستە سەر ڕووخساری تاهیری هاوسەری، کە لە کۆتایی شەستەکانی تەمەندایە و ستایشی توانای هاوسەرەکەی دەکات کە لە بەرامبەر ئەو سەختییەی کە ڕووبەڕووی هەموو خێزانەکان دەبێتەوە، بەشێوەیەکی هێمن و ئارام توانیویەتی بمێنێتەوە، بەو پێیەی ئەم دوو هاوسەرە 13 منداڵیان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو پیاوێکی زۆر ئارامگرە و هەست دەکەم ئەوە کلیلێکی دیکەی سەرکەوتنەکانمانە”.

 

حەسنا مەحمود، کە ژنێکی تەمەن 39 ساڵە و پێنج جار هاوسەرگیری کردووە، و لە کۆتا هاوسەرگیریشی جیا بووەتەوە، دەڵێت ئەمە شتێکی سەرسوڕهێنەرە، کاتێک ئەم دوو هاوسەرە ئەو هەموو ساڵە پێکەوە ماونەتەوە.

 

حەسنا دەڵێت؛ لە هەموو هاوسەرگیرییەکانمدا تەنها چوار ساڵم لەگەڵ هاوسەرەکەمدا بەسەر بردووە، بۆیە بینینی ئەوان لە سۆشیال میدیادا کە ئاهەنگیان بە بۆنەی ٥٠ سالەی هاوسەرگیرییان گێڕا، سەرسوڕهێنەر بوو.

 

حەسنا، کە دایکی چوار منداڵە دەشڵێت: هاوسەرەکانم لە ماوەی دەستگیرانداریدا هەموویان خۆشەویست بوون و گرنگییان پێدەدام، بەڵام دوای هاوسەرگیریی گۆڕانکارییان بەسەردا دەهات.

 

حەسنا دەشڵێت: هەست بە خراپیی دەکەم کاتێک گوێم لە خەڵک دەبێت کە کانۆ بە ‘پایتەختی جیابوونەوەی نەیجیریا’ ناودەبەن، هیوادارم شتەکان بگۆڕدرێن.

 

شاری “کانۆ” ئەم نازناوەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕێژەی جیابوونەوە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە ئەو ناوە نەخوازراوە لەخۆی بکاتەوە.

 

مانگانە سەدان هاوسەرگیری لە پڕ دانیشتووترین ویلایەتی نەیجیریادا هەڵدەوەشێنەوە، کە پایتەختەکەی شاری “کانۆ”یە .

 

بەپێی توێژینەوەیەک کە بی بی سی بە هاوکاری حکومەتی خۆجێیی نەیجیریا ئەنجامیداوە، لە ساڵی ٢٠٢٢، دەرکەوتووە ٣٢٪ی هاوسەرگیرییەکان لە کانۆ تەنها لە نێوان سێ بۆ شەش مانگی خایاندووە.

 

لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، هەندێک کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵدایە، سێ جار هاوسەرگیریان کردووە.

 

خەڵکی کانۆ زیاتر لە تەمەنی گەنجیدا هاوسەرگیری دەکەن، زۆرجار پێش تەمەنی یاسایی ( ١٨ساڵ).

 

هادیزا ئادۆ، دامەزرێنەری ڕێکخراوی ناحکومی دەستپێشخەری ژنان و منداڵان دەڵێت، ژمارەی جیابوونەوەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بە جۆرێک لە ئێستادا ڕۆژانە تا ٣٠ داواکاری هاوسەرگیری لە ئۆفیسە جیاوازەکانمان وەردەگرین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پشێوی و خراپی ئابووری نەیجیریا هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەیە لە ئێستادا، چونکە “هاوسەرەکان دەچن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان و هەندێکجاریش بەبێ هیچ شتێک دەگەڕێنەوە ماڵەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ناکۆکی”.

 

“لە کۆتایدا، یوسف کەبیر دەڵیت؛ خۆشەویستی کلیلە چونکە کاتێک بە دڵسۆزی یەکترتان خۆشدەوێت، مەیلتان هەیە پێکەوە بمێننەوە، ئامۆژگاری من بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن ئەوەیە کە بە هۆکاری خۆپەرستی و کەسی نەچنە ناویەوە، بەڵکو بە نیازێکی دڵسۆزانە بچنە ناو ئەم پرۆسەیەوە.”

 

ڕەبیعەتوو تاهیری هاوسەریشی هاوڕایە و دەڵێت: “ئامۆژگاریم ئەوەیە کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، پێویستە سەبریان لەگەڵ یەکتردا هەبێت ئەگەر هاوبەشەکەیان توڕە بوو، ئەوا دەبێت ئەوی دیکە ئارام بێت”.

نزیکەی دوو هەزار دۆنم لە ماوەت سووتا
پێت نزیکەی دوو هەزار دۆنم لە ماوەت سووتا
تاقیکردنەوەیەکی ٣ خولەکی بینیت باشتر دەکات
دوات تاقیکردنەوەیەکی ٣ خولەکی بینیت باشتر دەکات
پەیوەندیدار