سەرکەوتنی پزیشکیان، چی لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران دەگۆڕێت؟



زیاتر لە ١٩ ساڵ بەسەر دوایین سەرۆک کۆماری ڕیفۆرمخواز، محەمەد خاتەمی، لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئێراندا تێپەڕیوە، چاکسازیخوازان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی لە خولی ١٤ دا دەگەڕێنەوە سەر دەسەڵات، کە لەلایەن سیاسەتمەدار و پزیشکی ڕاوێژکار و نەشتەرگەری دڵ و سنگ، مەسعوود پزیشکیانەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا .

 

دوای مشتومڕێک کە بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە ماوەی بانگەشە و پڕوپاگەندەی بەر لە خولی یەکەم و دووەمدا لە نێوان ڕیفۆرمخوازان و پاریزکارەکاندا هاتە ئارا، وەزارەتی ناوخۆی ئێران، سەرلەبەیانی ئرۆژی شەممە ٦-٧، سەرکەوتنی ڕیفۆرمخواز مەسعوود پزیشکیانی ڕاگەیاند، کە دەنگی نزیکەی ٥٥٪ی دەنگدەران بەدەست هێنا،لە کاتێکدا سەعید جەلیلی رکابەری، ڕێژەی دەنگەکانی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا، ٤٩.٨٪ بوو.

 

هەڵمەتی بانگەشەی کاندیدە ڕیفۆرمخواز و پارێزکارەکان، بەتایبەتی مشتومڕە دووقۆڵییەکانی نێوانیان، دەریخست کە ئەوان هەڵگری بیرۆکە و پلانی جیاواز و نزیکەی دژبەیەکن لەسەر زۆرێک لە مەلەفە هەستیارەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، ئەمەش پرسیار لەسەر کاریگەریی سەرکەوتنی پزیشکیان لەسەر ئەو مەلەفانە دروست دەکات.

 

سیاسەتی ناوخۆ

محەممەد عەلی عەبتاحی – چالاکی سیاسی چاکسازیخواز و بەرپرسی نووسینگەی محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، لە کاتی خوێندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤، سەرکەوتنی پزیشکیان بە ڕووداوێکی سەرەکی و زۆر گرنگ لە مێژووی وڵاتدا وەسف دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەڕانەوەی چاکسازیخوازان بۆ سەرۆکایەتی وڵات کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەجێدەهێڵێت.

 

عەبتاحی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی جەزیرە نێت، پێشبینی دەکات وڵاتەکەی شاهیدی کراوەیی زیاتر بێت لەڕووی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی پزشکیاندا، بەتایبەتی سەبارەت بە سیاسەتی بەرتەسککردنەوەی ئینتەرنێت و سەپاندنی حیجابی ناچاری.

 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: ئەو پلانانەی کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا لە لایەن ڕاوێژکارانی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی هەڵبژێردراو  سەبارەت بە فایلە ناوخۆییەکان لە لایەن دەنگدەرانی ئێرانەوە جێی بایەخ بوون و پێشبینیشی کرد کە بزووتنەوەی ڕیفۆرمخواز لە ماوەی داهاتوودا لە ئەنجامدانی ئاشتەوایی نێوان دەسەڵات و گەلی ئێران سەرکەوتوو دەبێت .

 

سیاسەتی دەرەوە

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، ئەو چالاکە سیاسییە چاکسازیخوازە پێی وایە، کە بزووتنەوە سیاسییەکەیان کار بۆ هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا جگە لە پتەوکردنیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دەکات و دەشڵێت، حکوومەتی کۆچکردوو ئیبراهیم ڕەئیسی، دەستکەوتی گەورەی لە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و وڵاتانی ناوچەکە، هەبووە، بەڵام چاکسازیخوازان زیاتر لە جاران کار بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە دەکەن.

 

 

عەبتاحی بە ئاماژەدان بەو گوشارانەی کە لە ئەنجامی گەمارۆ دەرەکییەکانەوە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێندراون، هەڵوێستەکانی پزیشکیان لە کاتی هەڵمەتی بانگەشە و دووپاتکردنەوەی نیازی خۆی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تاران و ئەوروپا و ئەمریکا، دەڵێت، دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەبێتە جێی سەرنجی بەرپرسانی حکومەتی داهاتوو.

 

سەبارەت بە پێگەی پرسی فەلەستین لە سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی داهاتووی ئێراندا، عەبتاحی پێی وایە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامیدا روو نادات.

 

 

مەلەفی ئەتۆمی

دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران – لە میانەی دیبەیتە تەلەفزیۆنییەکانیدا – نیازی خۆی بۆ دانوستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر گەلی ئێران پشتڕاستکردەوە، بەرپرسی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی، عەلی عەبدولعەلیزادە، جەختی لەسەر ئەگەری دانوستانی تاران کردەوە تەنانەت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا سەربکەوێت.

 

لای خۆیەوە عەبدولڕەزا فەرەجی راد باڵیۆزی پێشووی ئێران لە نەرویج، سریلانکا و هەنگاریا، پێشبینی کردبوو کە توانای حکومەتەکەی پزیشکیان لە دانوستانە ئەگەرییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، لە قۆناغی داهاتوودا سزاکانی سەر تاران لاببرێن.

 

هیچ پاساوێک نییە بۆ لەدەستدانی دەرفەتی دانوستان لەکاتی چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە وتەی فەرەجی ڕاد، کە پێشبینی دەکرد – لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە – کە تاران دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە بەم زووانە.

 

 

باشتربوونی ئابووری

لەسەر ئاستی ئابووری، بۆرسەی تاران دوای هەواڵی سەرکەوتنی چاکسازیخوازان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بە ڕەنگی سەوزی خۆی گەیشت، بەو پێیەی پێوەرە سەرەکییەکەی لە کۆتایی مامەڵەکانی ڕۆژی شەممەدا لە ئاستی دوو ملیۆن و ١٨٨ هەزار خاڵدا داخرا، هەروەها تمەنی ئێرانی دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی پزیشکیان وەک سەرۆکی وڵات بەرامبەر بە دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠ هەزار ڕیال بەرامبەر بە دۆلار سەرلەنوێ بەرزبووەوە .

 

چاودێرانی ئابوری ئێران پێیان وایە حکومەتی داهاتوو گرنگی بە ڕاکێشانی وەبەرهێنانە دەرەکییەکان بە تایبەت لە کەرتی نەوت و گاز دەدات، جگە لە مۆدێرنکردنی هێڵە ئاسمانییە وێرانەکانی لە ئەنجامی سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیدا سەپێنراوە.

بارزانی: هیوادارم ساڵی نوێی کۆچی ببێتە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی یەکترقبووڵکردن
پێت بارزانی: هیوادارم ساڵی نوێی کۆچی ببێتە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی یەکترقبووڵکردن
کەشناسی: ئەگەری پروشکەباران هەیە
دوات کەشناسی: ئەگەری پروشکەباران هەیە
پەیوەندیدار