بەکارهێنانی مۆبایل پێش خەوتن هۆکارە بۆ کەمخەوی و ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان



 

توێژینەوەیەکی نوێ پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان لە شەودا ئاشکرا دەکات.

 

بەگوێرەی ئەنجامەکانی بایۆبانکی بەریتانی، ئەو کەسانەی بەر لە خەوتن و دوای نیوەشەو تا بەیانی زوو، بەرکەوتەی تیشکی زەرد یان شین دەبن لە ئامێرە زیرەکەکانەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستییان دەبێت، بە ڕێژەیەک کە ڕەنگە بگاتە زیاتر لە ٪٦٠ بەراورد بەوانەی کە لەو کاتەدا کەمتر بەر ئەو تیشک کەوتبوون.

 

دکتۆر فاتح ئەلخەتیب، ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو و نەخۆشی شەکرە لە سەنتەری هێڵت پڵەس لە لێدوانێکدا بۆ پرۆگرامی “السباح” لە کەناڵی سکای نیوز عەرەبی وتویەتی؛ لە ڕێگەی ئەو تاقیکردنەوانەی کە لەسەر ٨٤ هەزار کەس ئەنجامدراون، ئەم کەسانە بۆ ماوەی ٧ بۆ ٨ ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە، کە بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ چاودێری بڕی ڕووناکی هەر تاکێک کرا.

 

توێژینەوەکان دەریانخست، ئەو کەسانەی لە شەودا بەر ڕووناکییەکی زۆر دەکەون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە زیاترە.

 

کاتژمێری بایۆلۆجی لەش ڕۆیشتنی هۆرمۆنەکان ڕێکدەخات، هەندێکیان لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا دەردەکەون، وەکو کۆرتیزۆن کە چالاکیی جەستەیی و دەروونی بەرز دەکاتەوە، لە ئەنجامدا تاک هەست بە ئاستێکی بەرزتر لەچالاکی دەکات لە کاتی بەیانیاندا.

 

هۆرمۆنەکانی تێستۆستیرۆن کە هۆرمۆنی پیاوانە، بەیانی زوو دەگەنە لوتکە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ڕۆژەکەی دەستپێبکات و چالاکییە جۆراوجۆرەکانی ئەنجام بدات.

 

لەش لە شەودا هۆرمۆنەکانی تر دەردەدات کە بە هۆرمۆنی خەو ناسراون، دیارترینیان هۆرمۆنی میلاتۆنینە کە هۆرمۆنێکە یارمەتی خەوێکی باش دەدات.

 

لەنێو هۆرمۆنە گرنگەکاندا هۆرمۆنی گەشە هەیە، بەو پێیەی دەردانی زیاد دەکات لە منداڵاندا لە شەودا بۆ هاندانی پرۆسەی گەشەکردنیان.

 

بەرکەوتن بە ڕووناکی سروشتی دەوروبەرمان بە کاتژمێری بایۆلۆژی لەش دەڵێت لە نێوان شەو و ڕۆژدا بگۆڕێت و دەردانی هۆرمۆنەکان بەپێی ئەو ڕیتمە ڕۆژانە ڕێکدەخات.

 

زۆر بەرکەوتنی ڕووناکی لە شەودا کاریگەری نەرێنی لەسەر دەردانی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین دەبێت، کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی کارکردن لەم پرۆسەیەدا.

 

لێکۆڵینەوەکە گرافێکی لەخۆگرتووە کە دەریدەخات دوای ماوەیەکی کورت کە نزیکەی ساڵێکە، جیاوازی نێوان مرۆڤەکان دەست دەکات بە دەرکەوتن.

 

گرافیکەکە دەریدەخات ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر بەر ڕووناکی کەوتوون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە زیاترە لە چاو ئەو کەسانەی کە بەرکەوتەی هەمان ڕێژەی ڕووناکی نەبوون.

 

بەپێی توێژینەوەکە، مەترسیدارترین ماوەی کاتەکان لە دوانزەی شەو تا شەشی بەیانی درێژدەبێتەوە، وە پێشنیار دەکرێت لەم کاتژمێرانەدا لە بەرکەوتنی ڕووناکی دوور بکەوینەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان نزیکەی چل بۆ حەفتا ساڵدایە.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کەسانەی بەر ڕووناکییەکی چڕ کەوتوون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرە بە ڕێژەی ٥٠٪ زیاترە.

 

بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ڕووناکی دەتوانرێت شاشەکە ڕێکبخرێت بۆ ئەوەی لە شەودا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بگۆڕێت بۆ دۆخی تاریک، باکگراوندەکە ڕەش دەبێت و دەقەکەش سپی دەبێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە خۆی دەردانی ڕووناکی لە مۆبایلەکەوە تا ٥٠٪ کەمدەکاتەوە.

 

باشتر وایە گڵۆپی ماڵەوە بگۆڕدرێت بە ڕووناکی زەردی گەرم، بەتایبەتی لە ئێواراندا، ڕووناکی کەم بەشدارە لە ئاسانکاری پرۆسەی خەوتن و دابینکردنی ئاسوودەیی زیاتر بۆ چاوەکان، ئەم هەنگاوە باشتر لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکەماندا دەگونجێت نەک ڕووناکی سپی.

کەشناسی: ئەگەری پروشکەباران هەیە
پێت کەشناسی: ئەگەری پروشکەباران هەیە
بۆ مانەوەی جۆرێک، ئەمریکا…پلان بۆ کوشتنی نزیکەی نیو ملیۆن کوندەپەپوو دادەنێت
دوات بۆ مانەوەی جۆرێک، ئەمریکا…پلان بۆ کوشتنی نزیکەی نیو ملیۆن کوندەپەپوو دادەنێت
پەیوەندیدار