وێڕای گرانی گۆشت…گۆشتفرۆشانی سلێمانی سەربڕینی ئاژەڵیان ڕاگرت



گۆشتفرۆشانی سلێمانی وەک ناڕەزایەتییەک سەربڕینی ئاژەڵیان ڕاگرت، بەهۆی ئەوەی لەبەرامبەر پشکنینی ئاژەڵەکانیان داوایان لێدەکرێت دووجار پارە بدەن.

ئەمڕۆ شەممە، گۆشتفرۆشانی سلێمانی هیچ ئاژەڵێکیان بۆ سەبڕین نەبرد بۆ کوشتارگەی سلێمانی، بەهۆیەوە کوشتارگەکە داخرا، مەترسی کەمبوونەوەی گۆشت و بەرزبوونەوەی نرخەکەی هەیە.

ئاسۆ عومەر، نوێنەری گۆشتفرۆشانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی خەڵکی ڕاگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە ئێمە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە پشکنین بۆ ئاژەڵەکانمان ئەنجامدەدەین و بۆ بەرخێک بڕی ٧ هەزار دینار دەدەین، بۆ ڕەشە وڵاخ ٣٠ هەزار دینار دەدەین.

باسی لەوەکرد، لە کاتێكدا کوشتارگە پێش و لە دوای سەربڕینیش پشکنین بۆ ئاژەڵەکان ئەنجامدەدات، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێک دەبێت کۆمپانیایەک هاتووە لە کوشتارگەی سلێمانی و دەڵێت پشنکینی ورد بۆ ئاژەڵەکان ئەنجامدەدات، لە ڕێگەی وەرگرتنی سامپڵێکی خوێن لەو ئاژەڵە، لە بەرامبەردا بۆ بەرخێک بڕی دوو هەزار دینار و بۆ ڕەشە وڵاخ ١٠ هەزار دینار وەردەگرێت.

وتیشی، وێڕای گرانی نرخی گۆشت و نەبوونی بازاڕەوە، بەڵام بەهۆی ئەو کۆمپانیایەوە ئێمە دوو جار دەبێت پارە بدەین. 

نوێنەری گۆشتفرۆشانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، قسەمان لەگەڵ ڤێرتێنەری و قائیمقامیەت کردووە، دەڵێن ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.

جەختی لەوەکردەوە، وەک گۆشتفرۆشانی سلێمانی هەموومان یەک دەنگین، بڕیارمانداوە ئاژەڵ نەبەین بۆ کوشتارگە، ئەمڕۆش هیچ ئاژەڵێک سەرنەبڕدراوە، چونکە ئێمە ئەو بڕە پارەیە نادەین و لەسەر هەڵوێستی خۆشمان سوور دەبین.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا نرخی گۆشت وەک خۆیەتی بەرزنەبووەتەوە، بەو گۆشتەی کە لە بازاڕدا هەیە، ئەگەر بازاڕ هەبێت تا پاشنیوەڕۆی سبەینێ گۆشت هەیە، ئەگەر نەفرۆشرێت ئەوا تا دووشەممەش گۆشت لە بازاڕدا دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، نرخی گۆشت لە بازاڕدا گرانە، دەبوو پاڵپشتی هەبووایە بۆ دابەزینی نرخەکان، بەڵام ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەر بازاڕ و تەواوی چێشتخانە و ماڵانیش دەبێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و گرانبوونی گۆشت.

 

 

بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان دەکات
پێت بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان دەکات
مەسرور بارزانی: ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە
دوات مەسرور بارزانی: ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە
پەیوەندیدار