بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسێك لە ڕۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێكی بارانبارین بەشێكی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بڵایكردووەتەوە، لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمەوە ٤-١-٢٠٢٣ شەپۆلێكی بارانبارین لە دەریای سوورەوە بۆ سەر ناوچەكانمان درێژ دەبێتەوە كە زیاتر لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چالاك دەبێت و بەرێژەیەكی مامناوەند لەسەر ناوچەكانی پارێزگای كەركوك و سلێمانی و ھەڵەبجە وە بەھۆی بەردەوامی بەرزەپاڵەپەستۆی باكووری توركیا كاریگەریەكانی لاواز دەبێت بۆ سەر ناوچەكانی سنووری پارێزگای دھۆك و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین زیاتر ئاسمانی ناوچەكە دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەندێك كات و ناوچەش ئەگەری نمە باران بۆ بارانێكی كەم دەبێت ، پلەكانی گەرماش لەناوچەكانی سنوری گەرمیان ٥ تا ٧ پلە نزمدەبنەوە لە ناوچەكانی دیكەی ھەرێم ٢ تا ٣ پلە ،خێرای با لەو ماوەیەدا لەسەرخۆ ھەندێك كاتیش مامناوەند چالاك ئەبێت ١٠ تا ٢٥كم/س لە ئاراستەی باكوری رۆژھەڵاتەوە .
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، كاریگەری ئەم شەپۆلە لە نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممەوە ٥-١-٢٠٢٣ لەسەر زۆربەی ناوچەكان كۆتایی دێت، بەڵام لەناوچەكانی ڕۆژھەڵاتی گەرمیان و سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی بە لاوازی تا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی ٦-١-٢٠٢٣ درێژەی دەبێت بەشێوەی ناوبەناو ھەندێك كات باران دەبارێتەوە.
باس لە ئەوەش دەكات، گۆڕانكارییەكان بۆ ماوەكانی داھاتوو دڵخۆشكەرن بەتایبەت لە دوای ١٠ی مانگەوە ئەگەری ئەوە ھەیە كاریگەری ئەو بەرزەپاڵەپەستۆیانەی باكوری ناوچەكە لاواز ببێت و نەمێنێت ئەمەش دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی كەشێكی باراناوی بۆ سەرتاسەری ناوچەكە بەچەند قۆناغێكی جیاواز.