بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، باران بارین زۆر زیادیكردووە و باس لە هاتنی شەپۆلێكی نوێی سەرما دەكرێت بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.
كۆی گشتی باران بارین لە سنووری سلێمانی هەتا ئەمڕۆ 152.6 ملیم باران باریوە، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو 108.9 ملیم بووە.
ئاسۆ كەمال، بەڕێوەبەری كەشناسی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كەشوهەوا جێگیرە و زۆربەی كاتەكان ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، ئاستی بینین 8 بۆ 9 كیلۆمەتر دەبێت لەكاتژمێرێكدا، جوڵە و ئاڕاستەی با لە نێوان مامناوەند و چالاكدا دەبێت بە ئاڕاستەی باكووری ڕۆژهەڵات بۆ باكوور.
لەبارەی پلەكانی گەرماوە ئاسۆ كەمال دەڵێت، لە پارێزگای سلێمانی، نزمترین پلەی گەرمی تۆماركراو 6 پلەیە و بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیكراو 15 پلە دەبێت.
دەشڵێت، سبەینێش ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەكانی گەرما كەمێك بەرزدەبنەوە
لەبارەی ئاماری باران بارینەوە ئاسۆ كەمال دەڵێت، كۆی گشتی باران بارین لە سنووری سلێمانی هەتا ئەمڕۆ 152.6 ملیم باران باریوە، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو 108.9 ملیم بووە.
سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێكی نوێی سەرما كە شارەزایانی كەشناسی باسیدەكەن، ئاسۆ كەمال وتی، ڕەگەزەكانی كەشوهەوا سات بە سات لە گۆڕانكاریدان، با نزیكتر ببێتەوە ئەو كات زانیاری بڵاودەكەینەوە.