بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی دواین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان تاوتوێ دەکەن، وەزارەتی دارایی و ئابوریش دەڵێت:” بەدەستبەکاربونی بانکی نشتمانی فەرمانبەران و هاوووڵاتییان لە چەندین پێشینەو قەرزو خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سودمەند دەبن و سەرجەم بانکە حکومیەکانی وەزارەتی دارایی لە ژێر چەتری بانکی نیشتمان ڕێکدەخرێنەوە”.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ی تەمموزی٢٠٢٤ شاندێکی بانکی ناوەندی عێراقی سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان کرد و لەلایەن (د. هاوڕێ کەمال راوێژکاری یاسایی وەزارەت و فەیسەڵ عەلی راوێژکاری ئابووری و رێباز عەباس راوێژکاری بانکی و محمد خضر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان)ـەوە پێشوازیان لێکرا.
دەشڵێت:” لە دیدارەکەدا لەسەر دوایین هەنگاوەکانی پێکهێنانی بانکی نیشتمان کراو هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی دوولایەنە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی پێکهێنانی بانکەکەیان کردەوە لە نزیکترین کاتداو ڕۆڵی بانکەکەیان لە پڕۆسەی پێشخستنی بواری دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزنرخاند”.
وەزارەتی دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی نیشتمان کەسەرمایەکەی زیاتر لە ٢٥٠ ملیار دینارە، کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی فەرمی پێدرا، بەدەست بەکاربونی بانکەکەش فەرمانبەران و هاولاتیان لە چەندین پێشینەو قەرزو خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سودمەند دەبن و سەرجەم بانکە حکومیەکانی وەزارەتی دارایی لە ژێر چەتری بانکی نیشتمان ڕێکدەخرێنەوە.