هۆكاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا



پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا هۆكاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ “درەنگ ناردنی لیستی مووچە لە هەرێمەوە بۆ عێراق و بوونی كێشە لە لیستەكاندا” دەگەڕێنێتەوە و جەختدەكاتەوە، كە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك بۆ مووچەی مانگی حوزەیران نەنێردراوە.

ماوەی 3 ڕۆژ تێپەڕیوە لە مانگی تەمموز و عێراق دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 7 كردووە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی 6ی فەرمانبەران و خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و خاوەنپێداویستییە تایبەتەكانی هەرێم نەنێردراوە، ئەمە جگە لەوەی مووچەی دوو مانگی (5 و 6)ی بەشێكی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە نەنێردراوە.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، هەتا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگی 6ی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی دارایی هەرێم.

ڕاشیگەیاندووە، یەکێک لەو کێشانەی بووە هۆی دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە، کە مانگانە لیستی مووچە درەنگ دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عیراق، ئەمە جگە لەوەی لە چەند مانگی ڕابردووشدا، هەموو مانگێک کێشە لە لیستی مووچەخۆراندا هەبووە و دارایی عیراق داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و یاسای بودجە، بە هیچ شێوەیەک حکومەتی عێراق ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت، بەڵام بەهۆی هەندێک ڕێکاری یاساییەوە چەند مانگێکە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن عیراقەوە دوادەکەوێت، تەنانەت بەهۆی وردبینی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە، هەتا ئێستا نەتوانراوە مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت”.

ئاشكراشی كرد، دوای 10 ساڵ دابڕانمان لە حکومەتی عێراق لەڕووی داراییەوە، چەند مانگێکی دەوێت هەتا سیستمی مووچە لە هەرێم ڕێکدەبێتەوە، بەڵام دواجار هەردوو حکومەت پابەند کراون بە چەند بڕیارێکەوە، کە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانە و ڕێگری دەکات لە نەدان یاخود دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەنجامی كۆبوونەوەی وانەبێژان و وەزیری پەروەردە ڕاگەیەنرا
پێت ئەنجامی كۆبوونەوەی وانەبێژان و وەزیری پەروەردە ڕاگەیەنرا
حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی بۆ مووچە و خانەنشینی دەركرد
دوات حكومەتی هەرێم چەند بڕیارێكی بۆ مووچە و خانەنشینی دەركرد
پەیوەندیدار