حاکم قادر حەمەجان ڕایگەیاند، بەم لێکترازاوییەی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، هەرگیز پێشبینی ئەوە مەکەن کە ئەو قەیران و گرفتانەی ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە چارەسەر ببن، بەڵکو دۆخی سەختتر بەڕێوەدەبێت.
لە کاتی بەشداریکردنی لە سیمینارێکی پزیشکیدا کە بۆ بەشە جیاوازەكانی پزیشكی و گەنجان و لاوان و خوێندكاران سازکرابوو، حاکم قادر حەمەجان رایگەیاند، پێویستە کۆتایی بە کۆچی گەنجان بهێنرێت و ئەوەش تەنها بەوە دەبێت کە ژیانێکی شایستەیان بۆ دروستبکرێت و ئەرکی حکومەتی هەرێمە هەڵوێستەی جدی لەسەر کۆچی گەنجان بکات و هەلی کاری گونجاو و دامەزاندنیان لە فەرمانگەكان بە پێی پێویستی بۆ بڕەخسێنێت
وتیشی: دوورکەوتنی لایەنە سیاسییەکان هێندەی دیکە هەرێمی بەرامبەر بەغدا لاوازکردووە و هۆکارە بۆ ئەوەی فشاری زیاتر لە هەرێم بکرێت و قەیرانی گەورەتر ڕووبەرووی خەڵکی کوردستان ببێتەوە، بە داخەوە لایەنە سیاسییەکان لەیادیان کردوە کە هەر کاتێک لێک نزیکبووبن دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە و دۆخی گوزەرانی گەلی کوردستان باش بووە، بە پێچەوانەشەوە هەر کاتێک ناتەبا و لێکترازاوبووبن ڕاستەوخۆ دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیانیش خراپتر بووە، هەرگیزیش چاوەڕێی چارەسەربوونی ئەم دۆخە مەبن گەر ئەو لێکترازانە قوڵەی ئێستا دروستبووە چارەسەر نەکرێت.
دەشڵێت:”تاکە ڕێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە دانیشتن و گفتوگۆکردن و دیالۆگ و نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنی بنیاتنەرانەی نێوان لایەنە کوردستانییەکانە لەپێناو پڕۆژەیەكی ھاوبەشی ستراتیجی نیشتیمانی و نەتەوەی، پێویستە لایەنە سیاسیەكان بە تایبەت ئێمە و پارتی پەند لە مێژوو وەربگرین، گەرنا مێژووش زۆر خۆی دووبارە دەکاتەوە، کە هەر گەلی کوردستان باجەکەی دەدات.
لەبارەی دیاریکردنی کاتێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد:”پێویستە هەموو لایەک کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەردەمیانە و دوور لە ھەموو دەستوەردانێك لەو کاتەدا بەڕێوەبچێت”